کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گرانی نرخی بەنزین و چارەسەرەکەی

.

09:00 PM - 16/06/2021

گرانی نرخی بەنزین و چارەسەرەکەی

ماوەیەکە مقۆ مقۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، دۆخی هاووڵاتییانی زیاتر گرانکردووە. لێرە بە کورتی باس لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەکەین، کە لە ڕێگەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانەوە گفتوگۆمان لە بارەوە کردوون، و داوامانکردووە، کە بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەبێت لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە.

چەند سەرەقەڵەمێکی زۆر گرنگ:

یەکەم: لە ماوەکانی ڕابردوو حکومەتی هەرێم بە بڕیاری ژمارە ٤٨٣ لە ڕێکەوتی ٨-٢-٢٠٢١ بڕیارێکی دەرکردووە و لە ڕێکەوتی ٢٦ی ٢ ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە، کە تیایدا وەزیری سامانە سروشتییەکان داوای بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی کردووە بە خشتەیەکی لکێندراو بە نوسراوەکەوە. ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین چونکە ستانداردەکانی داخڵبوون زۆر بەرزکراونەتەوە.

دووەم: مەبەستێکی سەرەکی لەم نوسراوە بۆ ڕێگریکردن بووە لە هاوردەکردنی بەنزینی نۆرمال، محسن و سوپەر، گازوایل، دیزڵ، نەوتی سپی؛ مەبەست لەم بابەتە ئەوە بووە کە بەشێک لە خامەکانی کۆمپانیای کار لە خەزانەکان مابووەوە لە ناوخۆ بەکاربهێندرێت؛ واتا بڕیارەکە لە بەرژەوەندی کۆمپانیای کارەوە دراوە.

سێیەم: لە مانگی چوار لە دەروازەی باشماخ، نزیکەی ٢٠٠٠ تانکەر بەنزین داخڵ بووە، بەڵام لە مانگی ٥ نزیکەی ٥٠ تانکەر داخڵ بووە کە بەشی بەنزینی چەند کاتژمێرێک ناکات. لە دەروازە سنوورییەکانی دیکە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە داخڵ بوونی بەنزین نەدراوە. دووبارە، مەبەست یٔەوە بووە کە بەنزینی کۆمپانیای کار لە خەزانەکان ساخ بکرێتەوە.

چوارەم: نیەتێک هەیە کە لە ڕێگەی ماگنێتی تایبەتەوە چەند کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئیتر بەنزین هەرزان نابێت و هانی خەڵک دەدەن کە ئۆتۆمۆبێلەکانییان بکەنە غاز، ئەمەش بۆ سوودمەندبوونی ئەم کۆمپانیایانەیە. لێرەوە ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، کە نەچنە ژێرباری هیچ هەوڵێکی چاوچنۆکی لە پێناو بەرژەوەندی چەند کەسێکەوە، بەڵکو ئەرکی حکومەتی هەرێمە نرخی بەنزین جێگیر بکات کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت.

پێنجەم: لە ئێستادا هاوردەکردنی بەنزین بە هەموو شێوەیەک لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە قۆرغکراوە و ڕێگە بە کۆمپانیای دیکە نادرێت بەنزین داخڵ بکات.

چارەسەر:
تەنها دوو چارەسەر هەیە، یان گرێبەست لەگەڵ پاڵاوتگە ناوخۆییەکان بکرێت و نرخی بەنزین لە کەمتر لە ٥٠٠ دینار جێگیر بکرێت، یان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو هەموو باج و ڕسووماتە لاببات و ڕێگە بدات لە ڕێگەی بازاڕی ئازاد و کێبڕکێوە داخڵ بکرێت، بە مەرجێک نرخی هیچ لیترێک لە جۆرەکانی بەنزین٦٠٠ دینا تێپەڕ نەکات. هەردوو هەنگاوەکە کردەیین، و دەمێنێتەوە کە ئایا نیەتی حکومەتی هەرێم چییە.

کاروان گەزنەیی
ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی كوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە