کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

عیراق لە وڵاتی دوو رووبارەوە بۆ بیابان

.

11:34 AM - 17/06/2021

عیراق لە وڵاتی دوو رووبارەوە بۆ بیابان

بورهان شێخ ڕەئوف‌

ئەگەر مێژووی دێرێنی شارستانێتی عیراق كۆڵەكە و پێگە بەهێزەكەی هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات بوو بێت، وڵاتی رافیدەین دوو زێیان كردە لانكەی شارستانێتیەكی گەورە، كە داهێنان بكەن لە بواری فەلسەفە و ئەدەب و هونەر، جگە لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و ئابووری لە هەزاران ساڵی رابردوودا، شارستانێتییەكانی بابلی و ئەكەدی و سۆمەری بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن.

هەر ئەوەشە ژیانی ملیۆنانی خەڵكی ئەم وڵاتە پەیوەستە بەو دوو رووبارە گەورەوە، بە شێوەیەكی ئۆرگانیكی كە هیچ ئەڵتەرناتیفێكی تری نییە، تەنانەت ئەو هەموو جەنگ و ململانێ و داگیركارییانەی كە بەسەر عیراقدا هاتووە لە دیرۆكی كۆن و نوێدا نەیان توانی لە یەكیان جودا بكەنەوە، چونكە ژیان بەبێ ئاو مەحاڵە.

لە مێژووی عیراقدا هەرگیز بارودۆخی نا لەبار و شڵەژاوی وای بە خۆیەوە نەدیوە، گیرۆدەی سەدان كێشە و قەیرانی كوشندە، لەوانەش خراپتر دراوسێكانی لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لێ دەدەن و ئەو پشكە ئاوەی لێدەبڕن كە شاخوێنبەری جەستەی عیراقن .

لەوانەش مەترسیدارتر، راپۆرتێكی رێكخراوی ئاوی ئەوروپیە كە راستیەكی سامناك ئاشكرا دەكات، ئەویش ئەوەیە كە عیراق تا ساڵی 2040 هەموو ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فوڕاتی بەتەواوی لە دەست دەدات.

پڕۆژەی گاپ هۆكاری وشك بوونی دیجلە و فوڕاتە، كە لەلایەن توركیاوە لە ناوچەی باشوری خۆرهەڵاتی ئەنازۆڵ دروست دەكرێت و پێكهاتووە لە (22) بەنداوی زۆرگەورە، لەوانە 14 یان لە سەر رووباری فوڕاتن گرنگترینیان بەنداوی ئەتاتوركە، 8 بەنداویش لە سەر رووباری دیجلەن و گرنگترینیان بەنداوی ئەلیسۆیە كە دەتوانێت نیوەی ئاوی دیجلە گل بداتەوە و 90% ئاوی فوڕاتیش بۆخۆی مۆنۆپۆڵ بكات.

سەرەتای ئەم پڕۆژانەی توركیا بە شێوەیەكی خۆپەرستانە و یەكلایەنە كە هیچ بەهایەك بۆ مافی دراوسێكانی دانانێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆكی ئەو دەمی توركیا سلێمان دیمیریل كە وتبووی دیجلە و فوڕات دوو رووباری توركیان و سەرچاوەكانی لە توركیادان، چۆن بیرە نەوتەكانی عیراق و سوریا هی ئەو دوو وڵاتەن و ئێمە هاوبەشیان نین لە داهاتەكانیاندا، هەربۆیە ئەوانیش مافی ئەوەیان نییە هاوبەشی داهاتە ئاوییەكانمان بن، ئەمە مەسەلەی سەروەرییە.

دواتریش حكومەتی توركیا بە سەرۆكایەتی تورگۆت ئۆزال ساڵی 1987 رێكەوتننامەیەكی لەگەڵ حكومەتی سوریا واژۆ كرد، بەگوێرەی ئەو رێكەوتنە توركیا لە چركەیەكدا (500) م3 ئاوی فوڕات بەردەداتەوە بۆ سوریا، لە بەرامبەردا حكومەتی سوریا بەڵێنی بە توركیا دا، كە بەر لە هێرشی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بگرێت ئەگەر بیانەوێت ئەو بەنداوە بتەقێننەوە، بەڵام لەگەڵ عیراقدا هیچ رێكەوتنامەیەكیان نەكرد چونكە عیراق ئەو كاتە سەرقاڵی شەڕی ئێران بوو، لەلایەكی تریشەوە زۆر پێویستی بە توركیا بوو وەكو رێگایەكی ستراتیژی بۆ هێنانی كەلوپەلی جەنگی لە كاتی جەنگی عیراق و ئێراندا.

ئیرانیش خەریكی بەنداوە
لە دوای ساڵی 2003 پرۆسەی ئازادی عیراقەوە ئێرانییەكانیش سەرگەرمی دروستكردنی بەنداو و گۆڕینی رێڕەوی ئەو رووبارانەن كە دەڕژێنە خاكی عیراقەوە، وەكو رووباری زاب و رووباری ئەڵوەن لە خانەقین، ئەمەش عیراقی بێبەشكرد لە پشكی خۆی لە ئاو، بووە هۆكاری وشك بوونی زۆرێك لە رووبارەكان.

بە گوێرەی ئاماژەكان و پێشبینییەكانی ( الاجهاد المائی ) ساڵی 2025 وشكە ساڵییەكی زۆر سەخت دەبێت بۆ هەموو عیراق، لەگەڵ شێوە وشك بوونێكی تەواوی رووباری فوڕات، رووباری دیجلەش دەبێتە رووبارێكی كەم ئاو.

دەبێت حكومەتی عیراق، ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆك كۆمار، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، حزبەكان، هەموو ئەمانە ئەم هەڕەشە و مەترسییانە بە جدی وەربگرن و هەنگاوی پەلەی بۆ بهاوێژن، راو تەگبیری خێرا بكەن. زانكۆكانی عیراق و كوردستان رۆڵیان چییە لەو چركە ساتە مێژووییەدا كە عیراق و عیراقیەكان لە بەردەم مەترسی تینوێتی و قاتی و قڕیدان؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە