کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مژدەی یەكێتی و نان و ئازادیی خەڵك

.

10:28 PM - 17/06/2021

 مەریوان مەسعود

مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناهەقیان نییە، بڕوا بە هەندێك لێدوان و داتاو ئاماری حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەندێك پەرلەمانتار نەكەن، چونكە هاوكێشەكە زۆر سادەو ئاسانە، نەوت (بە پێی نرخی دوێنێ) بەرمیلی بە 74 دۆلارە و 100 دۆلاریش سەروو 150 هەزار دینارە و لەوانەش گرنگتر داهاتی ناوخۆ باشترە و هەناردەی نەوتیش هیچ گرفتێكی نییە، ئیتر دواكەوتنی مووچە و لێبڕینی٪21، هیچ پاساوێك هەڵناگرێ. خۆ ئەگەر ئەوانەش پاساویان هەبێت، ئەو مژدەیەی هاوسەرۆكی یەكێتی، کە دوێنێ هەرزوو بەر لە تەواوبوونی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاند كە وەزعی مووچەخۆران باشتر دەبێت و بەغدا بودجە دەنێرێت، دواتریش كۆبوونەوەكە بە رەسمیی رایگەیاند كە مانگانە 200 ملیار دینار دەنێرن بۆ هەرێم و هەر شەش مانگی رابردووش بەسەر یەكەوە دەنێرێت، ئینجا وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا و سەرۆكی حكومەت رایانگەیاند كە رێكەوتنەكە جێبەجێدەكرێت و بودجە لە بەغداوە دێت. لێبڕینی مووچە نەمێنێت خۆ ئەگەر دوای هاتنی ئەم بڕە پارەیەش لە بەغدا، لێبڕین هەر بمێنێ و 30 رۆژ جارێك نەبێت، ئیتر میسداقیەتی ئەم حكومەتە دێتە ژێر سفر و بەڕاستی مووچەخۆران وەكو چۆن چەند ساڵە بێ یاساییانە مووچەكەیان لێدەبڕێت و پاشەكەوت دەكرێت، ئەوكاتەش غەدرێكی تریان لێدەكرێت و بێ باكی حكومەتەكەیان بە تەواوی بۆ روون دەبێتەوە. هەفتەی رابردوو، دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا كەوتۆتە مەترسییەوە و جێبەجێ ناكرێت، تەنانەت بەشێك لە بەرپرسانی عیراق بە توانجەوە بە حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیان دەوت: چونكە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، بۆیە كوردەكان رێگەی بەغدایان بیرچۆتەوە، بەڵام دیسانەوە لەلایەك هاوسەرۆكانی یەكێتی و لەلایەكی تر وەفدی دانوستانکاری هەرێم بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكومەت، دیسانەوە بە چڕوپڕی هاتنەوە سەر خەت و بەپەلە چارەسەری پێویستیان دۆزییەوە، بۆیە كاتێك بافڵ تاڵەبانی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی بەغدا دەكات و زۆرترین سەركردەی عیراقی دەبینێت و بەو ئیجابیاتە باس لە سەردانەكەی كرا و لە هەرێمیشەوە لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی مژدەی چاكبوونی بژێوی خەڵك دەدات و دەڵێت: «ئەمانە هەمووی هەنگاوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە و لایەنەكانی تریشی لەگەڵ خۆی پەلكێش كردووە بۆ بەغدا، بۆیە ئێمە نەبووینایە ئەمانەش نەدەبوون». ئەمە جگە لەو پشوو درێژیی و قابیلییەتەی لە وەفدی دانوستكاری هەرێم هەبوو، كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد و توانییان بەم پشوو درێژییەوە بودجە بەشێكی زۆری بەدڵی هەرێمی كوردستان تێپەڕێنن و ئێستاش بیخەنە بواری جێبەجێكردنەوە. یەكێتی هەردەم حزبی كۆمەڵانی خەڵك بووە بۆیە ئەم راستییە، دەبێت بۆ هەموو لایەنەكان مایەی شانازیی بێت، كە یەكێتی هەردەم حزبی كۆمەڵانی خەڵك بووە و رێچكەی سەرۆك مام جەلال – ی گرتۆتەوەبەر، نان و ئازادی بۆ هاووڵاتیان لە پێش هەموو شتێكەوەیە و جگە لەمەش حزبەكانی تری هەرێم بەتایبەتی پارتی دیموكرات و بزووتنەوەی گۆڕان كە بەشدارن لە حكومەت، دەبێت دەستخۆشی لە یەكێتی و یەكێتییەكان بكەن، كە بە پەرۆشەوە چ هاوسەرۆکەكانیان چ نوێنەرەكانیان لە حكومەت سەركەوتووانە لە خەمی خەڵكدا بوون و رێگە راستەكەیان گرتووە كە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە