کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئێرانی دوای هەڵبژاردن و باشووری کوردستان

.

02:23 PM - 18/06/2021

ئێرانی دوای هەڵبژاردن و باشووری کوردستان
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەڵبژاردنەکانی ئێران، نەک لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ...هتدەوە بۆ باشووری کوردستان گرنگە، تەنانەت لەڕووی کاری ڕاگەیاندن و ئازادییەکانیشەوە، بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کورد لەناوچەکەدا گرنگە، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا لەلایەک کورد بەشدارە، لەلایەکی دیکەشەوە ئێران دراوسێی باشووری کوردستانەو گۆڕانکاری و لێکەوتەکان ڕاستەوخۆن و ناکرێت بەهەند وەرنەگیرێن.

ئەو بۆچوونەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستە کە لەگەڵ کردنەوەی سندوقی دەنگدان لەتاران وتی "هەڵبژاردنەکانی ئێران بۆ هەموو جیهان گرنگە". چونکە هەندێک وڵات بەچاوی باشبوونی قەبارەی ئابووری، هەندێک وڵاتی دێکە بەچاوی توندۆڵکردنی ئەمنیەت، هەندێک وڵاتی دیکەش بەخەونی باشبوونی پەیوەندییە سیاسی و دپلۆماسییەکانی دەڕوانێت بۆ ئێرانی دوای هەڵبژاردن. ئێران ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە، یان ئەوەتا هەنگاو دەنێت بەڕووی باشبوونی تەواوی ئەو لینکانەدا کە وڵاتان دەخوازن لەگەڵ ئێران باشی بکەن، یان ئەوەتا ئێران زیاتر تووشی شکانەوەی ناوخۆیی دەبێت و قەیرانە ناوخۆییەکەی دەگاتە کەنارو لێڕژان!

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەری بۆسەر وڵاتانی جیهانی و ناوچەیی هەیە، ڕاستە ئێران وەها ناسراوە کە هەمیشە کێشەکانی ناوخۆی دەنێرێتە دەرەوە، بەڵام ئەم پرۆسەیەش وادەخوێنرێتەوە ئێران دەتوانێت ڕووداوی جیهانی دروست بکات و یەکێک بێت لەو وڵاتانەی کە بەردەوام دەنگی فارغۆنەکەی دێت، یەکێکیتر لەو هەنگاوانەی ئێران خەونێتی پێی بگات، خەونی بەجەمسەربوونی سیاسییە، لەکاتێکدا ئێران جەمسەری مەزهەبییە و لەناو هیلالێکی گەورەدا خاوەن بڕیارو جوڵێنەری ڕەوتە شیعییە جیهانیەکەیە، بەڵام خاوەن جەمسەری سیاسی نییە بەتەنها.

کۆماری ئیسلامی ئێران، نە وڵاتێکی بێهێزە، نە وڵاتێکیشە حیساب بۆ نەکراو بێت، بۆیە ئەم پێگە سیاسی و ئەمنی و دپلۆماسی و ئابوورییەی ئێران لەناوچەکەدا، ئەگەر لەدوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ڕۆژی هەینی (2021 _ 6 _ 18) گۆڕانی سیاسی و دپلۆماسی جیهانی بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ پێش هەر وڵاتێکی ئیقلیمی کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان دەبێت. گرنگە هێزو لایەنەکانی باشووری کوردستان لەوە تێبگەن کە ئێران ئەگەرچی بەلۆژیکی سیاسی (جەمسەری تەواو) نییە، بەڵام بۆ ئاستی هەرێمی شێوە جەمسەرەو بەشدارە لەگۆڕانکارییەکاندا و هەر چونەدەرەوەیەکی هەبێت، دەبێت بەشێکی بەر خاک و نەتەوەی کورد بکەوێت.

وەک چۆن ئێران توانی لەڕووداوەکانی سوریای دوای 2011دا قسەی هەبێت و یەکەم وڵاتیش بوو لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی سوریای 2021 _ 5 _ 26 پیرۆزبایی سەرکەوتنەوەی لە بەشار ئەسەد کردەوە، بەهان شێوە دەتوانێت نەک بۆ باشووری کوردستان بەڵکو بۆ تەواوی عێراقیش قسەی هەبێت و زۆرێکی هاوکێشەکان لەقازانجی خۆی تەواوبکات.

لینکی ئێران بە باشووری کوردستانەوە، تەنها لینکێکی بازرگانی نییە، بەڵکو لینکێکی سیاسی و ئەمنی و دپلۆماسیشە، ئەم لینکانە خزمەتێکی باشی بەهەردوولا کردووە، لەکاتێکدا ئێران و باشووری کوردستان ئاڵۆگۆڕێکی گەورەی بازرگانی لەنێوانیاندا هەیە، هاوکات بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش بووەتە شوێنێکی لەبار بۆ بەشێکی هێزی کاری ئێرانی و بەپێی ڕاپرسییەک لەهەرێمی کوردستان 1400 شوێنی جوانکاری و تاتۆ هەیە کە ئێرانین، ئەمە جگە لەکرێکار و کارمەندانی ئوتێل و باڕەکان.

بەمانایەکی دیکە، لەکاتێکدا باشبوونی پەیوەندیەکانی ئێران و باشووری کوردستان، لەسەر بنەمای کرانەوەو ئازادی و پێشکەوتنە جیهانیەکان نییە، هاوکات پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای سیاسی و ئابووری و ئەمنییە و بەدوورکەوتنەوەیان لەیەکتر، هەردوولا زیانیان پێدەگات.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە