.
03:10 PM - 18/04/2024
وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، یەکێتی پابەندە بە وادەی ھەڵبژاردن و کاتی ئەوە ھاتووە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێتی پابەندە بە وادەی ھەڵبژاردن و کاتی ئەوە ھاتووە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، بۆ ئەمەش پێویستە هەرێمی کوردستان، حکومەت و پەرلەمانێکی کارای هەبێت، کە توانای بەرەنگاربونەوەی لەگەل حاڵەتە نەخوازراوەکاندا هەبێت، لەو روانگەیەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە.
وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، نەک تەنها یەکێتی بەڵکو زۆربەی حزب و لایەنەکانی دیکەی هەرێم داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکەن، هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیش هەمان داوایان هەیە.
سەعدی پیرە راشیگەیاند: حکومەت و پەرلەمانێکی کارا لەهەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و برەودان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و وڵاتان، هاوکات دەرگایەک بەڕووی چارەسەری کێشەکان و کەمکردنەوەی قەیرانەکان لەهەرێم دەکاتەوە، پێشمانوایە لەئێستادا هیچ رێگرییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە و ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت پرۆسەی دیموکراسی لەهەرێم لاوازدەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە