.
11:04 AM - 23/04/2024
رونکردنەوەیەک لەسەر ئابڕوچوونێکی میدیاکەی شاسوار عەبدولواحید
سەردانی رەجەب تەیب ئۆردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغداد و هەرێمی کوردستان ، جێگای گرنگیی پێدانی میدیای ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانی بوو، هەر کەناڵ و سەرچاوەیەکی میدیاییش، بەپێی سیاسەتی کەناڵەکەی یان سیاسەتی حزبەکەی خۆی روماڵی سەردان و کۆبوونەوە و ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکانی دەکرد. کەچی لەگەرمەی روماڵ و بایەخ پێدانی ئەو رووداوە سیاسییەدا ، کەناڵەکەی شاسوار عەبدولواحيد وەک پیشە هەمیشەییەکەی خۆی وازی لە روماڵکردنەکەی هێناو خۆی سەرقاڵکرد بە هەوڵێکی چەواشەکارانە کە دوورە لەهەموو ئیتیک و ئەخڵاقێکی میدیایی و سیاسی. ئەویش دروستکردنی سیناریۆیەک بوو، کە گوایە رێگریکراوە لەهەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، بۆ ئەم مەبەستە وێنەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانیان لە وێنەی کۆبوونەوەکەی ناو فڕۆکەخانەی هەولێر قرتاندوویانە . ئەنجامدانی ئەم رەفتارە قێزەونە لە رۆژی رۆنامەوانی کوردیدا ئابڕوچونێکی گەورەیە بۆ خودی شاسوار، چونکە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی میدیاکەی دەکات . هەرچەندە چەواشەکارییەکانی ئەو گروپە بە لای جەماوەری کوردستانەوە نامۆنین، بۆیە وەڵامیان نادەینەوە ، بەڵام چونکە ئەم سەردانە وەکو مێژوو تۆماردەکرێت، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین وەکو بەشی پەیوەندی و پرۆتۆکۆلاتی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی ئەم خاڵانە بخەینەڕوو .
یەکەم : دەستکاریکردن و کەتکردنی وێنەی ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بۆ مەرامێکی چەواشەکارانەی سیاسی ئابروچوونێکی گەورەیە .
دووەم : یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەجێندای هەموو وڵاتانی ناوچەکەو چیهاندا دۆست بێت یان نا، وەک ژمارەیەکی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانی و عیراقی تەماشا دەکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و فەرامۆش ناکرێت .
سێیەم : ئێوە لە بواری دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆڵاتدا ئەوەندە ساویلکەو بێ ئەزمونن، کە نازانن پێشتر ئەجێندای ئەم جۆرە مەراسیم و پێشوازی و کۆبوونەوانە دانراوەو ئامادەکاری بۆ کراوە و هەر کەسێکی ئەندامی شاندی میوان و خانەخوێ شوێنی پێشوازی و دانیشتنیان بۆ دیاریکراوە .
چوارەم : گریمان ئەوەی ئێوە دەیڵێن راست بێت، ئەوکاتە بۆ یەکێتی نابێتە لاوازی، چونکە یەکێتی بە هەڵوێستە نیشتمانییەکانی خۆی بەناوبانگەو لەو بوارە باجی داوە .
پێنجەم : داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم و لقی سلێمانی سەندیکای رۆنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ دەکەین لەئاست ئەم هەوڵە چەواشەکاری و ئابروچوونەی میدیای شاسوار عبدالواحيد بێ دەنگ نەبن ، چونکە بەردەوامبوون لەسەر ئەم رەفتارانە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی میدیای کوردی .
شەشەم: داوا لە تیمی یاسایی لەراگەیاندنی یەکێتی دەکەین رێوشوێنی یاسایی بگرنەبەرو سکاڵا تۆمار بکەن .
بەشی پەیوەندی و پرۆتۆکۆلاتی بۆردی راگەیاندنیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
٢٣/٤/٢٠٢٤
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە