.
02:11 PM - 23/04/2024
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند: دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گرتووە كە ژمارەی ساختەی هەڵواسیوە و زیاتر لە شەش ملیۆن دینار پارەی كامێراكانی چاودێریی لەسەر بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دوای ئەوەی شۆفێرێك بۆ ماوەیەكی زۆر ژمارەیەكی ساختەی بە ئوتومبیلەكەیەوە هەڵواسیبوو و بەدەر لەكاری نایاسایی و سەرپێچی یاساكانی هاتوچۆ، زۆرترین كات بە تیژڕەوی شۆفێری كردووە لەناو شەقامەكان و مەترسی بۆ خۆی و بەكارهێنەرانی دیكەی شەقام دروستكردبوو، ئۆتۆمبێلەكەی دەستی بەسەردا گیرا.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە ، سەرجەم ئەو سزایانەی لەماوەی دوو ساڵدا بە ئۆتۆمبێلەكە ئەنجامی دابوون و بە بەڵگە لەسەری دووپاتكرایەوە، لەكۆی 58 سەرپێچی 56 سەرپێچییان (تیژڕەوی) بووە و بڕی شەش ملیۆن و 310 هەزار دیناری عیراقی لەسەر ئۆتۆمبێلەكەی بوو.
هاتوچۆی سلێمانی دەشڵێت، سەرەڕای سزا داراییەكان كە دەرهەق بەو سەرپێچییانەی ئەنجامی داوە، كاری یاسایی بۆ دەكرێت بەهۆی هەڵواسینی ژمارەی ساختە و هەندێك لەو رەفتارە نەشیاوانەی كە ئەنجامی داون و بەڵگەی تەواوی لەسەرە، بۆ ئەم مەبەستە رووبەڕووی بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دەكرێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە