کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دەزگای ئاسایشی هەرێم: گەورە بازرگانێكی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر دەستگیركرا

.

09:09 PM - 04/05/2024

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیركردنی گەورە بازرگانێكی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەری راگەیاند و دەشڵێت، لەكاتی دەستگیركردنیشیدا دەستگیراوە بەسەر سێ كیلۆ و 500 گرام ماددەی هۆشبەردا.

 

دەزگای ئاسایش لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە،" بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد لەسەر بوونی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لەسنوری ئیدارەی راپەڕین، لە 4ـی ئایاری 2024، توانرا تۆمەتبارێك دەستگیربکرێت".

 

روونیشكراوەتەوە،" لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستبەسەر بڕی سێ کیلۆ و 500 گرام ماددەی هۆشبەر و چەندین پارچە چەکی تۆمەتباردا گیراوە".

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە،" ئەم بازرگانە لە سنورەکانی نێوان وڵاتانی عیراق و سووریا کاری بازرگانیی ماددەی هۆشبەری کردووە، لە هەفتەی رابردوودا پاش ئەوەی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر دەنێرێت بۆ شاری بەغداد دەستیبەسەردا دەگیردرێت".

 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاشكراشیكردووە، "تۆمەتبار لە رابردوودا چەندین جار لەهەوڵی دەستگیرکردنیدا بەچەک رووبەڕوی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و هەڵاتووە، لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراوە، لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە