کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزارەتی بازرگانیی عیراق: بارانبارین زیانی بە بەرهەمی دانەوێڵە نەگەیاندووە

.

05:32 PM - 05/05/2024

وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاند، ئەو شەپۆلی بارانبارینەی پارێزگاكانی عێراقی گرتووەتەوە، هیچ زیانێكی بە بەرهەمی دانەوێڵە نەگەیاندووە، تەئكیدیش دەكاتەوە، رێوشوێنی توند بۆ پاراستنی بەرهەمی گەنم لە باران دەگرینەبەر.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئێستا وەرزی بەبازاڕكردنی گەنم لە 12 پارێزگا بەردەوامە، هەروەك شەش پارێزگا ئامادەن وەرزی بەبازاڕكردنیان دەستپێبكەن.

وتیشی، "كۆگاكانی بە بازاڕكردن بڕێكی زۆر دانەوێڵە وەردەگرن و رێكارەكانی پشكنینی تاقیگەییان بۆ دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی وەرزی بە بازاڕكردنی ئێستا جیادەكاتەوە، نەبوونی قەرەباڵغیی ئۆتۆمبێلە گەورەكانە لەبەردەم سایلۆكان، سەرەڕای ئەوەی كاركردن بۆ  24 كاتژمێر بەردەوامە".

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق راشیگەیاند، "كامێرای چاودێری لە هەموو ناوەندەكانی بازاڕكردن جێگیركراوە و ئەو شەپۆلی بارانبارینەی عێراقی گرتووەتەوە هیچ زیانێكی نەبووە و رێوشوێنی توندیش بۆ پاراستنی بەرهەمی گەنم لە باران دەگرینەبەر".

ئەوە لەكاتێكدایە ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین و تەرزە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند شوێنێكیش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، لافاو دروستبوو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە