کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد

.

09:53 AM - 10/05/2024

 

بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی 45 كورسی پەرلەمان، ئەمڕۆ لەپانزە پارێزگا لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستیپێكرد. 

بەپێی دەستەی هەڵبژاردنەكانی ئێران، لە خولەكەدا چارەنووسی 45 كورسی یەكلادەكرێتەوە، كە لەخولی یەكەمدا یەكلانەكرابوونەوە و كاندیدەكان نەیانتوانیبوو 20%ی زیاتری دەنگەكان بەدەستبهێنن. 

پڕۆسەكەش لەخولی دووەمدا لە 15 پارێزگا و 22 بازنەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچێت. 

لەو چوارچێوەیەشدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران،لەدەستپێكی خولی دووهەمی دەنگدان بۆ خولی دوازدەهەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكە، تەئكیدی لەگرنگی بەشداریكردن لەهەڵبژاردن كردەوە و وتی، گرنگی بەشداریكردن لەخولی دووەمی هەڵبژاردن لە خولی یەكەم كەمتر نییە.

راشیگەیاند، پێویستە هەمووان بەشداری هەڵبژاردن بكەن و مەجلیس تەواو بكەن. تا پەرلەمان بەهێزتر بێت، ئەگەری كاركردن لە وڵاتدا زیاترە.

خولی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رابەری لەیەكی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەچوو،تێیدا كاندیدەكان ركابەرییان بۆ بردنەوەی 290 كورسی پەرلەمان و 88 كورسی ئەنجومەنی شارەزایان كرد و دوسەد و چل و پێنج كاندیدیش بۆ پەرلەمان سەركەوتن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە