رێڕەوی ئابووریی چین و پاكستان 2030 تەواو دەبێت

عیراق 10:35 AM - 2026/04/06

چین لە ڕێگەی پڕۆژەیەكی 60 ملیار دۆلارییەوە، دەیەوێت كورتترین ڕێگای وشكانی و دەریایی بۆ گواستنەوەی كاڵا و وزە لە جیهاندا مسۆگەر بكات و، هەژموونی ئابووری خۆی بەسەر وڵاتاندا بسەپێنێت.

ڕێڕەوی ئابووریی نێوان چین و پاكستان پڕۆژەیەكی ستراتیژیی بازرگانی و ژێرخانی مۆدێرنە. تێچووی ئەم پڕۆژەیە بە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و وەك بەشێكی سەرەكی لە دەسپێشخەریی یەك پشتێنە و یەك ڕێگای چین هەژمار دەكرێت. ئامانجی سەرەكیی ئەم هەنگاوە بەستنەوەی خاكی چینە بە بازاڕەكانی جیهان لە ڕێگەی وشكانییەوە.

ئەم رێڕەوە چین لە رێگەی وشكانییەوە بە بەندەری گوادر لە پاكستان دەبەستێتەوە كە دەڕوانێتە سەر دەریای عەرەب. بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، رێگەی گواستنەوەی نەوت و كاڵا بۆ چین بە شێوەیەكی بەرچاو كورت دەبێتەوە.

چیتر پێویست ناكات كەشتییە بارهەڵگرەكان بە دەوری باشووری ئاسیادا بسوڕێنەوە، بەڵكو راستەوخۆ لە رێگەی پاكستانەوە دەگەنە سنوورەكانی چین.

پڕۆژەكە تەنها لە دروستكردنی شەقام پێكنەهاتووە، بەڵكو تۆڕێكی فراوانی هێڵی شەمەندۆفەر و بۆرییەكانی گواستنەوەی وزە لەوانە نەوت و غاز لەخۆ دەگرێت.هاوكات راكێشانی كێبڵی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیك بەشێكی تری ژێرخانی ئەم پڕۆژە گەورەیەیە كە هەردوو وڵات بەیەكەوە گرێ دەدات.

ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغی كاركردندایە و هەنگاوی گەورەی بۆ نراوە. بەپێی پێشبینییەكان، لە ساڵی 2030 كارەكانی دەگاتە ئاستی كۆتایی و بە تەواوی دەست بە كاركردن دەكات.
ئەم جوڵەیەی چین لە چوارچێوەی سیاسەتی نەرمدایە كە مەبەست لێی سەپاندنی هەژموونی ئابووری و سیاسییە بەسەر ناوچەكە و جیهاندا لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو