جارێكی تر هێرشی درۆنی كرایەوە سەر هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی درۆنێك لە گوندێكی سنووری ناحیەی دارەشەكرانی هەولێر، ژن و مێردێك شەهید بوون كە پیاوەكە پیشەی پێشمەرگەیە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەدیاریكراوی سەعات دەوروبەری 12 و نیو، درۆنێك لە گوندی زەرگەزەوی سەر بە ناحیەی دارەشەكرانی ناوچەی زرارەتی كەوتە خوارەوە. بە وتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، درۆنەكە راستەوخۆ بەر ماڵێكی مەدەنی كەوتووە، لە ئەنجامدا هاووڵاتییەك بە ناوی (مووسا زراری) لەگەڵ هاوسەرەكەی شەهید بوون.
لەبارەی بە وردەكاریی هێرشەكە، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە كرد، سێ درۆن ئاراستەی ئەو ناوچەیە كراون؛ دوو لە درۆنەكان لە چۆڵەوانی كەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام سێیەمیان بەر ماڵی ئەو خێزانە كەوتووە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو دوو هاوسەرەی لە رووداوەكەدا شەهیدبوون ناویان ( موسا ئەنوەر رەسوڵی تەمەن 39 ساڵ و مژدە ئەسعەد حەسەنی تەمەن 35 ساڵ)ە.
لە بارەی رووداوەكە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی ئەمشەو دەكەین كە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە سەر گوندی (زەرگەزەوی) لە سنووری شاری هەولێر.
بەداخەوە ئەم پەلامارە دڕەندانەیە بووە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەكی قارەمان بە ناوی (مووسا ئەنوەر رەسوڵ) و هاوسەرەكەی.
وەزیری پێشمەرگە دەشڵێت، بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی و بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و مرۆییەكان و پێشێلكردنی شكۆی سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق؛ هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە.
دووپاتی دەكەینەوە گیانی هاووڵاتیان و سەروەریی خاكەكەمان هێڵی سوورە. داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هەڵوێستی كردەییان هەبێت و لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبن.
وەزیری پێشمەرگە بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سەرەخۆشی قووڵی خۆیان ئاراستەی خانەوادەی شەهیدەكان دەكات.
هەر بەپێی زانیارییەكان شەوی رابردوو، بەكۆی گشتی نزیكەی 25 هێرشكراوەتە سەر هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 20 یان بۆسەر پارێزگای هەولێربوون.
لە دەستپێكی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل - ئێران لە 28ی شوباتەوە، هەرێمی كوردستان بە نزیكەی 700درۆن و مووشەك هێرشی كراوەتە سەر.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، تاوەكو ئێستا 16 كەس گیانیان لەدەستداوە و شەهید بوون و 93 كەسی تریش بریندار بوون.