ئیسرائیل چوار سەربازی وڵاتەكەی بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئێران دەستگیردەكات

عیراق 11:28 AM - 2026/04/07

ئۆپراسیۆنێكی ئەمنیی ئیسرائیل پەردە لەسەر دزەكردنی هەواڵگریی ئێران بۆ ناو ڕیزەكانی سوپا لادەبات و چوار سەربازی یەكە شەڕكەرەكان بە تۆمەتی ناردنی زانیاریی ستراتیژی بۆ تاران ڕووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە  لەوبارەیەوە، كەناڵی 15ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، چوار سەربازی سوپای ئیسرائیل بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ بەرژەوەندیی ئێران دەستگیر كراون.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم سەربازانە كە لە یەكە شەڕكەرەكانی سوپای ئیسرائیلدا خزمەتیان كردووە، تۆمەتبارن بەوەی لە كاتی جەنگدا چالاكیی سیخوڕییان بۆ تاران ئەنجام داوە وئەركی سەرەكیی ئەم سەربازانە وێنەگرتنی ناوچە ستراتیژییەكانی ئیسرائیل بووە بە مەبەستی ناردنیان بۆ لایەنی ئێرانی.

بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكان، دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران توانیویانە پەیوەندی بەم سەربازانەوە بكەن و داوایان لێ كردوون وێنەی وردی ئەو شوێنە ستراتیژییانە بگرن كە بۆ سوپای ئیسرائیل گرنگییەكی تایبەتیان هەیە  دوای كۆكردنەوەی زانیارییەكان، سەربازەكان وێنەكانیان بۆ لایەنی ئێرانی ناردووە، ئەمەش وەك پێشێلكارییەكی گەورەی ئەمنی لە ناوخۆی دامەزراوە سەربازییەكانی ئیسرائیلدا هەژمار دەكرێت.

هەر لەوبارەیەوە،دادگای ئیسرائیل لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا بڕیاری داوە ماوەی دەستبەسەركردنی ئەو چوار سەربازە درێژ بكاتەوە تاوەكو لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن وە بەهۆی هەستیاریی دۆسیەكەوە، ڕێگە نەدراوە تۆمەتبارەكان لەگەڵ پارێزەرەكانیان كۆببنەوە.

هاوكات ناوەندە ئەمنییەكانی ئیسرائیل ئەم دۆسیەیە وەك ئاماژەیەكی مەترسیدار بۆ توانای هەواڵگریی ئێران لە دزەكردنە ناو ڕیزەكانی سوپای ئیسرائیل لێك دەدەنەوە، ڕووداوەكە نیگەرانیی لای بەرپرسانی تەلئەبیب دروست كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو