سەرەرایی راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی 15 رۆژە لە نێوان ئەمریكا و ئێران ، ئێستا چاوەكان لەسەر ئەنجامدانی خولێكی تری دانوستانە و ترەمپیش دەڵێت ئەگەر تا رۆژی چوار شەممە رێككەوتن نەكرێت، ئاگربەست درێژناكەنەوەو دەست دەكەنەوە بە بۆردوومان كردنی ئێران.
كاربەدەستانی ئێران پێشبینی دەكەن لە رۆژی دووشەممەوە، دانوستانەكانی نێوان وەفدەكانی ئێران و ئەمریكا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان دەستپێبكاتەوە و دانوستانكاران رۆژی یەكشەممە بگەنە ئەو شارە.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ بلومبێرگ و ئەكسیۆس، گەشبینی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ تاران لە ماوەی یەك دوو رۆژی داهاتوودا و رایگەیاندووە، زۆربەی خاڵە سەرەكییەكانی پڕۆسەی دانوستانەكان یەكلایی بوونەتەوە و پێدەچێت كۆبوونەوەیەكی نوێ لە كۆتایی هەفتەكەدا ئەنجام بدرێت.
لای خۆیەوە، رەزا ئەمیری موغدام باڵیۆزی ئێران لە پاكستان، هەوڵەكانی لایەنەكانی بۆ پێدانی دەرفەت بە دیبلۆماسی بەرز نرخاند و وتی، دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان هاوكاتە لەگەڵ ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل و كردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بۆ كەشتیوانی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دروستكردنی كەشوهەوای ئارامتری ناوچەیی بۆ پێشخستنی پرۆسەی نیشتەجێبوون لە نێوان تاران و ئیسرائیل واشنتۆن.
خولی یەكەمی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد لە 10ی نیسان دەستیپێكردو دوای 21 سەعات لە گفتوگۆ دواجار كۆبونەوەكە بەبێ رێككەوتن كۆتایی هات، گفتوگۆكان لەسەر پرسە سەرەكییەكان بوون، دیارترینیان بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و داهاتووی سزاكانی ئەمریكا و ئاسایشی دەریایی لە گەرووی هورمز.
هەر لایەنێك هێزی خۆی بەكارهێنا، تاران تەئكیدی لەسەر باڵادەستی لە گەرووەكە و مافی پیتاندنی یۆرانیۆم كردەوە، لە كاتێكدا واشنتۆن هەر پێشكەوتنێكی بە گەرەنتی ئەتۆمی و ئەمنی فراوانترەوە گرێدا.