ماوەیەك لەمەوپێش گەلی كوردستان دۆسیەیەكی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد، دۆسیەكەش دامەزراندنی چوار دادوەر بوو لە ئەنجومەنی شورای هەرێم بەشێوەیەكی نایاسایی.
لەكاتێكدا دەیان هەزار كوڕ و كچی گەنجی دەرچووی زانكۆكان، سەدان یەكەمی كۆلێژ و زانكۆكان لەم نیشتیمانە، بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن، هەر كە داوای دامەزراندنیش دەكەن، یەكسەر حكومەت دەڵێت دەسەڵاتمان نییە و بەغداد دامەزراندنی ڕاگرتووە و دنیایەك قسەی سەمەرەی وەك سیستمی پەیڕۆڵ و یاسای بودجە دەكەن بە پاساو، بەڵام ژێر بە ژێر و بەپێی ئەو نوسراوە رەسمیانەی تایبەت دەست گەلی كوردستان كەوتووە ، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەدەر لە ڕێنمایی و یاسا كارپێكراوەكان، چوار ڕاوێژكار بەپلەی تایبەت لە وەزارەتی داد و بە دیاریكراویش لەناو ئەنجومەنی شورای هەرێم، دامەزراندووە.
ئەم پێشێلكارییەی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم كە وەك لە نووسراوەكاندا دەیبینن و لەسەر شاشە پیشان دەدرێت، لەكاتێكدایە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ژمارە 269لە 5/2/2025، لە بڕگەی دووەمدا، بە ڕەهایی ئاماژە بەوە كراوە دامەزراندن بە هەموو شێوەكانی تەنانەت لەجێدانان و گرێبەستیش ڕاگیراوە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو بە خۆبەخشیش كەس وەرناگیرێت بەپێی ئەو بڕیاری حكومەت.
نایاسایی بوونی دامەزراندنی ئەو چوار ڕاوێژكارە كە مەسرور بارزانی دایمەزراندوون و ناوەكانیان لای ئێمە پارێزراوە، تەنیا ئەوە نییە، با ڕوونتری بكەینەوە:
بەپێی ماددەی 23 ی یاسای ژمارە 14 ی ساڵی 2008 ی ئەنجومەنی شورای هەرێم، هەركەسێك دەبێت بە ڕاوێژكار پێویستە چەند مەرجێكی تێدابێت لەوانە: دەبێت هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت، 20 ساڵیش خزمەتی هەبێت وەك دادوەر، كەچی دوان لەم دادوەرانەی ئەحبابی سەرۆك وەزیران هەرچەندە ئەم مەرجەیان تێدا نییە بەڵام دامەزرێندراون.
خاڵێكی تری بڕیارە سەیر و سەمەرەكەی مەسرور بارزانی ئەوەیە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق، حكومەتی هەرێم ئێستا كاربەڕێكەرە و بۆی نیە و ناتوانێت هیچ پلە تایبەتێك دابمەزرێنێت.
ئەم بڕیارە سەیرو سەمەرەیە هێشتا ماویەتی: ساڵی 2022 وەزارەتی داد بەڕەسمی ڕایگەیاند كە سێ راوێژكار دادەمەزرێنن و مەرجەكانی بڵاوكردەوە كە هەر كەسێك دەیەوێت پلەی راوێژكاری پێ بدرێت سی ڤی خۆی پێشكەش بكات.
دوای لیژنە دروستكردن و ئەو خەڵكانە هەڵبژێردران كە شیاو بوون، كەچی تا ئێستا هیچ كەسێك لەوانەی ساڵی 2022 نەكران بە راوێژكار، كەچی ئەم چوار كەسە بە بڕیاری حزبی و سیاسی و كەسیی بەفەرمانێكی مووشەك ئاسا و بە یەك چەقەنە كران بە راوێژكار.
ئەوەی پێویستە بیزانن ئەمەیە، هەر پلە تایبەتێك كە دادەمەزرێت لە هەرێمی كوردستان پێویستە فەرمانی دارایی لە وەزارەتی دارایی بۆ دەربچێت، دواتر ئەو كەسە كە پلەی كەی پێدراوە دەست بەكاردەبێت، بەڵام ئەو چوار ئەحبابەی سەرۆكوەزیران كردوونی بە راوێژكار، بەبێ بڕیاری دارایی، لە ماوەی دوو رۆژدا بە قودرەتی قادر یەكسەر مامەڵەكانیان بۆ ڕایی كرا و لە ئەنجومەنی شورای هەرێم دەستبەكاربوون.
جگە لەوەش ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی كردووە مووچەكانیان لە ڕۆژی دەست بەكاربونیانەوە بۆ خەرج بكرێت. كە وەك لە نووسراوەكەدا بەڕوونی دیارە كە رۆژی (1/3/2026) دەستبەكاربوون.