میدیاكان: وەفدێكی دەوڵەتی توركیا سەردانی قەندیلی كردووە

کوردستان 01:13 PM - 2026/05/16

وەفدێكی دەوڵەتی توركیا لەگەڵ سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل و ئیمراڵی كۆبوونەتەوە و داوای نەخشە ڕێگەیەك بۆ چەكدانان دەكەن، لە بەرامبەردا قەندیل مەرجی هەیە و داوا دەكات عەبدوڵا ئۆجەلان وەك سەر دانوستانكار بناسرێت و بە ئازادانە سەرپەرشتیی پڕۆسەكە بكات.

سەرەڕای ئەو لێكدانەوانەی باس لە سڕكردنی پڕۆسەی ئاشتی دەكەن، بەپێی زانیاریەكانی كەناڵی نومەدیا كە لە ئەڵمانیاوە پەخش دەكات، پڕۆسەكە لە هەفتەیەی رابردووەوە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە. لایەنەكان لە قەندیل و لە ئیمراڵی بەردەوامن لە گفتوگۆكان‌و دوایین دیداری وەفدی پارتی دیموكراسی و یەكسانیی گەلان (دەم پارتی ) لە 27ـی ئادار لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامدراوە كە بە قۆناغێكی هەستیار ناودەبرێت.

ڕۆژنامەی یەنی یاشامیش ئاشكرای كردووە، دیداری ڕووبەڕوو لە نێوان نوێنەرانی دەوڵەت‌و قەندیل لە دەرەوەی قەندیل ئەنجامدراوە. هاوكات رۆژنامەی توركیا نزیك لە حكومەت پشتڕاستی كردووەتەوە كە دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) پەیوەندیی بە قەندیلەوە كردووە و، بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژدا نەخشەڕێگایەك بنووسرێتەوە. پلانی دەوڵەت ئەوەیە پێشنیارەكانی قەندیل و ئامادەكارییەكانی حكومەت هاوتا بكرێن و خشتەیەكی كاتی بۆ جێبەجێكردن دابنرێت.

هاوكات قەندیل لە وەڵامی وەفدی دەوڵەتدا داوای كردووە، میكانیزمێكی سیاسی هەبێت و ئۆجەلان لە كەشێكی ئازاددا پڕۆسەكە بەڕێوەببات. مەرجی سەرەكیی قەندیل و دەم پارتی ئەوەیە كە عەبدوڵا ئۆجەلان وەك موخاتبێكی سیاسی و سەر دانوستانكار بە رەسمی بناسرێت، نەك تەنیا وەك ئەكتەرێك كە قسەی لەگەڵ بكرێت. ئەوان داوا دەكەن لە جیاتی رێكارە تەكنیكییەكان، زەمینەی یاسایی و سیاسی بۆ پڕۆسەكە بڕەخسێنرێت.

ئەو پلانەی دەوڵەتی توركیا بیری لێدەكاتەوە، لە ڕێگەی ڕێكاری كارگێڕی، هەمواری یاسایی‌و بڕیارنامەكانی سەرۆكایەتیی كۆمارەوە دەچێتە پێشەوە. بەگوێرەی پلانەكە، ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە چەك دادەنێن، بەپێی ئەو وڵاتانەی لێیەوە هاتوون رووبەڕووی  رێوشوێنی یاسایی دەكرێنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو