لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز سالار لالە سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ئامادەبوو، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێکران و گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان بە گرنگ زانرا. لەو پێناوەشدا مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد دەستپێشخەرییەکی بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییە سیاسییەی کوردستان پێشکەشی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
هەردوولا هاوڕابوون کە درێژەکێشانی دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکات و بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان پێویستە هەنگاوی جدی بنرێت، ئەوەش بە دیدگایەکی نیشتمانی و بەرپرسیارانە دەکرێت کە ئامانجی خزمەتکردنی هاونیشتمانییان بێت.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند؛ ئێمە وەکو یەکێتی لە ڕابردوودا، هەروەها بۆ ئێستا و داهاتووش بەرەوڕووی هەر دەستپێشخەرییەک دەچین کە لە سۆنگەی دڵسۆزییەوە بێت و لە سوود و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بێت.
لە سۆنگەی ئەوەی کە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی سەرەتا دەستپێشخەرییەکەی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد، سەرۆکی یەکێتیش بڕیاری دا لە ئەمڕۆوە و لەپێناو زەمینەسازیی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوکاری ئەو دۆخە بن و نەبنە بەشێک لە تووندکردنەوەی ناکۆکییەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەماهەنگی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە چوارچێوەی زیاتر خزمەتکردنی هاونیشتمانییان جەختی لەسەر کرایەوە.