پاشماوەی پلاستیكی عیراق رۆژانە دەگاتە 16 هەزار تۆن

عیراق 10:52 AM - 2026/05/23

لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عیراق دەڵێت، بەكارهێنانی كیسی نایلۆن‌و پلاستیكی بارگرانییەكی ژینگەیی‌و ئابوورییە بۆ سەر وڵات. دەشڵێت، پاشماوەی پلاستیكی رۆژانە نزیكەی 16 هەزار تۆنە.

دەشڵێت، ئەنجومەنی وەزیران لە یەكەم كۆبوونەوەیدا بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی پشتبەستن بەو كیسانەی فرۆشیاران لە دوكان‌و مۆڵەكان بەبێ بەرامبەر دەیدەن  بە كڕیاران، ئەو بڕیارەش لەڕووی تەندروستی، ژینگەیی و ئابوورییەوە كاریگەرییەكی زۆری دەبێت.

راشیگەیاند، كیسە پلاستیكییەكان ماددەی پۆلیمەرین و بەرگەی بارودۆخی جیاواز دەگرن و بە خێرایی شی نابنەوە، لە هەمان كاتدا ماددەی تێدایە كە بە (مایكرۆ پلاستیك) ناسراون، جگە لە ماددە كیمیاییە زیادكراوەكانی وەك بۆیە و نەرمكەرەوە و رەنگەكان، كە ڕەنگە هەندێك لەم ماددانە ژەهراوی و مەترسیدار بن.

روونیشیكردەوە كە هەندێك لە بەرهەمە پلاستیكییەكان، توانای گواستنەوەی ماددە كیمیاییەكانیان هەیە بۆ ناو خۆراك، بەتایبەت لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا، ئەمەش چەندین مەترسیی تەندروستی هەیە‌و رەنگە بگاتە تووشبوون بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان.

وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عیراق داوا دەكات، بەكارهێنانی ئەو ماددە پلاستیكییانە كەم بكرێتەوە كە لە بەركەوتنی راستەوخۆدان لەگەڵ خۆراك و ئاو، وەك ماددەكانی پاكەتكردن و دەبەی ئاو و ئەو ئامرازانەی تەنها یەكجار بەكاردێن، چونكە شوێنەواری نەرێنییان لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، هەر تاكێكی عیراقی رۆژانە نزیكەی یەك كیلۆگرام پاشماوە فڕێ دەدات، كە نزیكەی 400 گرامی پاشماوەی پلاستیكییە، ژمارەی دانیشتووانی عیراقیش زیاتر لە 40 ملیۆن كەسە، بەو پێیەش رۆژانە نزیكەی 16 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیكی هەیە. 

عیراق پارەیەكی زۆر لە هاوردەكردنی بەرهەمە پلاستیكییەكاندا خەرج دەكات‌و بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2021، نزیكەی 3 ملیار دۆلار بۆ هاوردەكردنی ماددە پلاستیكییەكان خەرجكراوە، لەوانە توركیا، ئێران، چین، ئیمارات، كوێت، سعودیە و ئوردن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو