دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، سەرپەرشتی رێوڕەسمی سوێندخواردنی كیڤن وارشی كرد وەك سەرۆكی نوێی بانكی فیدراڵی و رایگەیاند، وارش دەبێتە یەكێك لە گەورەترین سەرۆكەكانی بانكی ناوەندی لە مێژوودا.
دۆناڵد ترەمپ لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی كیڤن وارش، سەرۆكی نوێی بانكی فیدراڵی ئەمریكا ئامادەبوو. ترەمپ لە كاتی ناساندنی وارشدا ئاماژەی بەوە كرد، وارش تواناو بەهرەیەكی دەگمەنی هەیەو یەكێك دەبێت لە گەورەترین سەرۆكەكانی بانكەكە لە مێژووی وڵاتدا.
تەئكیدیشی كردەوە وارش لەلایەن هەمووانەوە ڕێزی لێدەگیرێت، ئەمەش خاڵێكی زۆر گرنگە بۆ سەركەوتنی لەم پۆستە نوێیەدا. سەرۆكی ئەمریكا لەوتارەكەیدا پەیامێكی راستەوخۆی ئاراستەی كیڤن وارش كرد و وتی، دەمەوێت بەتەواوەتی سەربەخۆ بێت و تەنیا كاری گەورە ئەنجام بدات، دڵنیاشم لەوەی وارش بەراورد بە لێپرسراوانی پێش خۆی، باشتر سەربەخۆیی بانكی ناوەندیی ئەمریكا دەپارێزێت.
هاوكات سەرۆكی نوێی بانكی فیدراڵی رایگەیاند، گەورەترین ئامانجی ئەو دابینكردنی دەرفەتە بۆ ئەمریكییەكان تا بتوانن بەو شتانە بگەن كە دەیانەوێت. وتیشی، خۆشگوزەرانیی ئەمریكییەكان لە هەموو چین و توێژەكان، پەیوەندیی راستەوخۆی بە كارەكانی بانكی فیدراڵییەوە هەیە و ئەو بەرامبەر ئاڵنگارییەكان بێ هەڵوێست نابێت.
سەبارەت بە ئەركە سەرەكییەكانی، وارش تەئكیدی لەسەر دوو خاڵی بنەڕەتی كردەوە، كە ئەوانیش سەقامگیریی نرخەكان و رەخساندنی زۆرترین دەرفەتی دامەزراندنە.
روونیشیكردەوە، پاراستنی سەربەخۆیی بانكەكە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی هەڵاوسان و بەهێزكردنی گەشەكردنی ئابووری، ئەمەش وادەكات ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهانی بە پارێزراوی بمێنێتەوە.