وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، داواكاریی زیاتر لە 10 هەزار كوردی وەرگرتووە بۆ ئەوەی رەگەزنامەی سورییان پێ بدرێ.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە پێگەی رەسمی خۆی بڵاویكردەوە، لیژنە تایبەتمەندەكان دەستیان بە وەرگرتنی داواكاریی ئەو كەسانە كردووە كە مەرسوومی ژمارە 13ی ساڵی 2026 دەیانگرێتەوە، تا ئێستاش دوو هەزار و 892 داواكاری خێزانی تۆماركراون، كە ناوی 10 هەزار و 516 كەسیان تێدایە بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ، پارێزگای حەسەكە زۆرترین داواكاریی تێدا تۆماركراوە كە گەیشتووەتە دوو هەزار و 772 داواكاریی خێزانی. دوای ئەو پارێزگای حەلەب بە 75 داواكاریو دیمەشقی پایتەخت بە 32 داواكاری دێن، هەروەها چەند داواكارییەكی تر لە پارێزگاكانی رەققە و دێرەزوور تۆماركراون.
لە مانگی نیسانەوە بنكەكانی تۆماركردن لە دیمەشق و پارێزگاكانی رۆژئاوای كوردستان دەرگایان بەڕووی ئەو هاووڵاتیانەدا كردەوە كە چەندین دەیەیە بێ ناسنامە و رەگەزنامەن.
كێشەی نەبوونی رەگەزنامەی هاووڵاتیانی كورد لە سوریا بۆ سەرژمێرییەكی نائاسایی ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەكە دەگەڕێتەوە. لەو كاتەدا بەهۆی ئەو سەرژمێرییەوە نزیكەی 200 هەزار كورد لە مافی هاووڵاتیبوون بێ بەش كران و وەك بیانی پۆلێن كران، ئەوەش وایكرد بۆ شەش دەیە لە سەرەتاییترین مافەكانی وەك خوێندن، كاركردنی رەسمی، خاوەندارێتی و گەشتكردن بێبەش بن.