لە نزیك كۆشكی سپی تەقەكرا و چەكدارێك كوژرا

عیراق 03:40 PM - 2026/05/24

ئێوارەی رۆژی شەممە چەكدارێك لە نزیك كۆشكی سپی دەستی بە تەقەكردن كردووە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە كاتی رووداوەكەدا لە ناو كۆشكی سپی بووە و خەریكی كاركردن بووە لەسەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران، بەڵام سەلامەتە.
 رۆژی 23ی ئایار، ئەنتۆنی گوگلیێلمی بەرپرسی پێوەندییەكانی دەزگای نهێنیی ئەمریكا ، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە رووبەڕووبوونەوەكە دوای سەعات شەشی ئێوارە بە كاتی ئەمریكا  رووی داوە. پیاوێك لە نزیك سنووری ئەمنیی كۆشكی سپی، چەكێكی لە جانتاكەی دەرهێناوە و دەستی بە تەقەكردن كردووە. پۆلیسی دەزگای نهێنی وەڵامی تەقەكانیان داوەتەوە و هێرشبەرەكەیان پێكاوە، كە دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی وتەی شاهیدحاڵان كە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە: دەنگی 20 بۆ 25 تەقەیان بیستووە و ، وایانزانیوە یاریی ئاگرینە، بەڵام دواتر هەموو خەڵكەكە دەستیان بە راكردن كردووە  و ئەو رۆژنامەنوسانەشی كە لەو كاتەدا لە حەوشەی كۆشكی سپی بوون، فەرمانیان پێ كراوە لە ژووری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكاندا خۆیان بشارنەوە.
 بەپێی راپۆرتی كەناڵی(سی بی ئێس نیوز تەقەكەرەكە ناوی (ناسیر بێستە) و تەمەنی 21 ساڵە. ئەم گەنجە ماوەی 18 مانگ بووە لە واشنتۆن نیشتەجێ بووە. بەپێی زانیارییەكان، ئەمە یەكەمجار نەبووە (ناسیر بێست) تووشی كێشە ببێت لەگەڵ دەزگای نهێنی،چونكە لە تەممووزی 2025یشدا هەوڵی دابوو بچێتە ناو كۆشكی سپی و لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرابوو.
دوای ئەو رووداوە، بەهۆی كێشەی دەروونییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەكان كرابوو. پۆلیسی واشنتۆن و دەزگای نهێنی ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەم گەنجە پێشتر لای ئەوان ناسراو بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو