قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ لێپرسراو و ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی مەڵبەندی هەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(8/6/2026) بەڕێوەچوو، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لێپرسراو و ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی مەڵبەندەوە، قوباد تاڵەبانی پێرۆزبایی لێ کردن و هیوای خواست ئەم تیمە نوێیە بتوانن پەیوەندییەکی توندوتۆڵتر لەگەڵ دانیشتووانی هەڵەبجە دروست بکەن و مەڵبەند بکەنە ماڵی هەموو چین و توێژەکان و دەنگ و داواکارییەکانیان بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخ و پێگەی ئێستای یەکێتی کرد و رایگەیاند یەکێتی بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و نێودەوڵەتیشدا شوێن و پێگەیەکی بەهێزی بۆخۆی دەستەبەر کردووە و رۆژ لە دوای رۆژیش بەهێزتر دەبێت و زیاتر حیساب بۆ سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە پێویستیی زانی ئۆرگان و رێکخستەکانی یەکێتی شێوازی کارکردنی خۆیان لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا بگونجێنن و زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بچنە ناو خەڵکەوە، چوونکە یەکێتی هێز و پێگە و توانای خۆی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە وەردەگرێت، هەتا پێگەی یەکێتی لەناو خەڵکدا بەهێزتر بێت باشتر دەتوانێت نوێنەرایەتی خواست و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵک بکات لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.