شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركرد و دەبێت بڕیارەكانی سێ ساڵی ڕابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنرێنەوە.
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستانداین و دەبێت بڕیارەكانی گرانكردنی كارەبا و خزمەتگوزارییەكان هەڵبوەشێنرێنەوە.
شاسوار عەبدولواحید لە بەشێكی تری كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەكەیدا لەبارەی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە باسی ئەوەیكرد، لە 10ی تەمموزی 2023ەوە ئەم حكومەتە هەر بڕیارێكی دابێت دەبێت هەڵبوەشێتەوە و ئەم حكومەتە لە 2023ەوە وادەی یاسایی بەسەرچووە.
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی بردنی پۆستەكانی حكومەت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رایگەیاند، پارتی بۆی نییە هەموو پۆستەكان بۆ خۆی ببات و دەبێت نیوە یان نیوە كەمتری پۆستەكانی هەبێت و دەبێت یان سەرۆكی هەرێمی كوردستان یان سەرۆك وەزیرانی هەبێت.