عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دیمانەیەكی میدیاییدا دڵنیایی دەداتە هەرێمی كوردستان لە چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی وەك مووچە و داهات و دەڵێت، هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگە لە عیراق و هەوڵ بۆ چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدەن و هاوكات دەنگۆی كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێكخراوی ئۆپیك ڕەتدەكاتەوە و تەئكید لە بەردەوامیی پرۆسەی دەستگیركردنی گەندەڵكاران و تەسلیمكردنی چەكی گرووپە چەكدارەكان دەكاتەوە.
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە لە دیمانەیەكی لەگەڵ میدیای عەرەبیدا باسی ژمارەیەك پرسی گرنگی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عیراق كردووە و ڕایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگە لە عیراق.
عەلی زەیدی لەبارەی دۆسیە دارایی و كارگێڕییەكانەوە ڕاشیگەیاندووە، كۆتایی بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەهێنن، لەكاتێكدا ناردنی مووچە و داهاتی نانەوتی و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دادەنرێت.
عەلی زەیدی لەبارەی دەنگۆكانی كشانەوەی عیراق لە ڕێكخراوی ئۆپیك، وتی، ئەو دەنگۆیانەی باس لە كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێكخراوی ئۆپیك دەكەن دوورن لە ڕاستییەوە و ڕایگەیاند، عیراق لە ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكارانی نەوت (ئۆپیك) ناكشێتەوە.
عەلی زەیدی لەبارەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، بۆ ئازادكردنی گەندەڵكاران یاخود وەستاندنی هەڵمەتەكە، نە پەیوەندیی ناوخۆیی و نە پەیوەندیی دەرەكی نایوەستێنێت و سوودی نابێت.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە ناوچەی سەوز ئاشكراشیكردووە، بەكارهێنانی تانك لە هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ داخستنی ناوچەی سەوز بووە و ڕوونیكردەوە، گەندەڵكاران تەنیا بژاردەیان گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
عەلی زەیدی لەبارەی گرووپە چەكدارەكانەوە ڕایگەیاندووە، هۆكاری مانەوەی چەك لای بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان ئەوەیە كە وا هەست دەكەن هێزی بیانی لە عیراق ماون، وتیشی، بەرنامەیەك دادەنێن بۆ تەسلیمكردنی چەك و كاری گرووپەكان.