دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر باندێكی سێ كەسی ساغكردنەوەی دراوی ساختە، بەدواداچوون و چاودێری وردیان ئەنجامدا، شەوی هەینی سەعات هەشتو 55 دەقە لەنزیك ناحیەی ئاشتی، لەكاتی دەستگیركردنیان بەچەك ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوونەتەوە و بەهۆیەوە سێ كارمەندی ئاسایش برینداربوون.
لە راگەیەندراوەكەی ئاسایشدا هاتووە، تۆمەتباران لەڕێگەی سۆشیال میدیا (تیكتۆك و سناپ چات) بانگەشەیان بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە كردووە، لەكاتی مامەڵەكردن كەسەكانیان فریوداوەو بە زەبری چەكو هەڕەشكردن پارەیان لێ سەندوون. ئێستاش تۆمەتباران بە ماددەكانی (406) و (56) لە یاسای سزادان راگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانیان بەردەوامە.