جارێكی تر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) هێرشێكی چڕیان كردەوە سەر پێگە سەربازییەكانی ئێران و لە دوایین هێرشیشدا 140 ئامانجی جیاوازیان پێكاوە.هاوكات سوپای پاسدارانیش بە هێرشكردنە سەر بنكەكانی ئەمریكا لە قەتەر و كوەیت و بەحرەین وەڵامی هێرشەكەی سێنتكۆمی دایەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی سێنتكۆم ، هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی بە ئامانجگرتنی كەشتییەكی بازرگانیی تر بووە لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە لە گەرووی هورمز. بەپێی راگەیەندراوەكە،هێزەكانی ئەمریكا بە مووشەك و لە رێگەی فڕۆكەی جەنگی، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و كەشتییە جەنگییەكانەوە، نزیكەی 140 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان پێكاوە.
بەپێی ئەو لیستەی سێنتكۆم بڵاویكردووەتەوە،لە هێرشەكەدا پێگەكانی مووشەك و درۆن،توانا دەریاییەكانی ئێران،كۆگاكانی تەقەمەنی و چەك و تۆڕەكانی پەیوەندی و بنكەكانی چاودێریی كەناراوەكانی ئێران كراونەتە ئامانج، سێنتكۆم لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە، هێزەكانی ئەمریكا بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، لە ماوەی سێ شەودا زیاتر لە 300 ئامانجیان لەناو ئێران پێكاوە و ئامانجی سەرەكیی واشنتۆنیش لەم هێرشانە تێكشكاندنی تواناكانی ئێرانە بۆ هێرشكردنە سەر دەریاوانانی مەدەنی و كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز.
سەرەڕای گرژییەكان، سێنتكۆم تەئكید دەكاتەوە كە هاتوچۆی كەشتییەكان لەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگە بەردەوامەو لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، هێزەكانی ئەمریكا هاوكاریی تێپەڕبوونی زیاتر لە 800 كەشتیی بازرگانی و 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان كردووە بۆ ئەوەی بە پارێزراوی لە گەرووی هورمز تێپەڕبن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد ، لە وەڵامی بەردەوامیی هێرشەكانی سوپای ئەمریكا بۆ سەر بنكە كەناراوییەكانی هێزە چەكدارەكانی ئێران، جگە لە پێكان و راگرتنی دووەم كەشتیی لە گەرووی هورمز، بنكەی ئاسمانیی ستراتیژیی عەدید لە قەتەر كراوەتە ئامانج،بەپێی راگەیەندراوەكە،هێرشەكە بە مووشەكی بالیستی ئەنجامدراوە و ناوەندی چاككردنەوە و چاكسازیی فڕۆكە جەنگییەكان و ناوەندی فەرماندەیی و كۆنترۆڵی بنكەی عەدید لە قەتەر پێكراون و تێكشكێنراون.
هاوكات هەر دوای هێرشەكانی ئەمریكا ، سوپای پاسداران رایگەیاندبوو ،ناوەندی فەرماندەیی و كۆنترۆڵ و شوێنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی جۆری ئێم كیو نۆیان لە بنكەی شازادە حەسەن لە ئوردن تێكشكاندووە.هەروەها ئەرتەشی كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر باشووری وڵاتەكەی، لە رێگەی درۆنەكانیانەوە سیستەمی پاتریۆت و چەند ئامانجێكی سەربازیی ئەمریكایان لە كوەیت و بەحرەین بۆردوومان كردووە.
هاوكات وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكەیان وەڵامی زنجیرەیەك هێرشی مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی داوەتەوە، كە لە خاكی ئێرانەوە ئاراستە كرابون.