ئۆپراسیۆنەكانی دەستەی دەستپاكیی عیراق بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی بەردەوامە و لەوچوارچێوەیەشدا هەر ئەمڕۆ شەش فەرمانبەری سەر بە وەزارەتەكانی نەوت و دارایی لە پارێزگای نەینەوا ،بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی دزینی سامانی گشتی و سەرپێچیكردن لە ئەركە پیشەییەكانیان دەستگیركران.
دەستەی دەستپاكیی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تیمە مەیدانییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی لێكۆڵینەوەی نەینەوا، دوو ئۆپراسیۆنی جیاوازیان لە یەكێك لە وێستگە حكومییەكانی سووتەمەنی لە شاری موسڵ ئەنجامداوە و توانیویانە، چوار فەرمانبەر دەستگیر بكەن،دوای ئەوەی لە وردبینیكردن دەركەوتووە كە بڕێكی زۆر لە بەنزینی وێستگەكە دزراوە.بەپێی راگەیەندراوەكە، جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەو بڕە بەنزینەی لە تۆمارەكاندا نووسراوە و ئەوەی لە كۆگاكاندا ماوەتەوە هەبووە، هاوكات بڕە پارەیەكی زۆری فرۆشتنی بەنزین و نەوتی سپی لەناو ئۆتۆمبێلی تایبەتیی لێپرسراوێكی كۆگای وێستگەكەدا دۆزراوەتەوە، كە بڕیار بووە وەك داهاتی دەوڵەت تەسلیم بكرێت، بەڵام شاردراوەتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە،لە ئۆپراسیۆنێكی تردا، تیمەكانی دەستەی دەستپاكی چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی نەینەوا و فەرمانبەرێك و كارمەندێكیان دەستگیر كردووە. ئەو دوو كەسە لە كاتی دەستگیركردنیاندا چەندین مامەڵەیەكی خانەنشینییان پێ گیراوە، كە بەبێ ئامادەبوونی خاوەنەكانیان و بەبێ هیچ رێگەپێدانێكی یاسایی، سەرقاڵی راییكردنی مامەڵەكان بوون.دادوەری لێكۆڵینەوەی نەینەوا كە تایبەتە بە دۆسیەكانی دەستپاكی، بڕیاری داوە بە دەستبەسەركردنی سەرجەم تۆمەتبارەكان بەپێی مادەكانی 315 و 331ـی یاسای سزادانی عیراقی و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە.