حكومەتی عیراق بڕیاریدا كۆتایی بە كێشەی شایستە داراییە كەڵەكەبووەكانی جوتیاران بهێنێت و لە ڕێگەی تەرخانكردنی بودجەیەكی مانگانەوە، هەموو قەرزەكانی گەنمی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵیان بۆ خەرج بكات.
وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رێنماییەكی تایبەتی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە تا مانگانە بڕە پارەیەك بۆ شایستە داراییەكانی جوتیاران تەرخان بكات. ئامانجی ئەم هەنگاوە خەرجكردنی پارەی ئەو گەنمەیە كە جووتیاران لە وەرزی بەبازاڕكردنی ساڵی رابردوودا تەسلیمی دەوڵەتیان كردووە و تا ئێستا قەرزەكان لە ئەستۆی حكومەتدا ماونەتەوە.
مستەفا عانی وەزیری بازرگانیی عیراق ئاشكرای كرد ،شایستەی وەرزی گەنمی ساڵی 2025 و گەنمی ئەمساڵ بە بەشێك لە بودجەی سیادی دانراوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە حكومەت و سەرۆكوەزیران گرنگییەكی زۆر بەم پرسە دەدەن و دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، هەموو شایستە داراییەكان لە كاتی دیاریكراودا بگەنە دەستی جووتیاران.
بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتیی بریكاری وەزارەتی بازرگانی بۆ كاروباری ئابووری و بەشداریی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە و نوێنەری وەزارەتی دارایی پێكهێنراوە. ئەركی ئەم لیژنەیە بەدواداچوونی وردە بۆ خەرجكردنی شایستەكان و كاركردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی تا پارەی داهاتووی گەنمی ساڵی رابردوو بێ گرفت دابەش بكرێت.وەزیری بازرگانی دووپاتی كردەوە كە هەركاتێك بڕە پارەی تەرخانكراو لە وەزارەتی داراییەوە بگاتە دەستیان، وەزارەتی بازرگانی راستەوخۆ و بەبێ دواكەوتن دەست بە دابەشكردنی دەكات بەسەر جووتیاراندا.
بەپێی وتەی ئەو وەزیرە،ئەم هەوڵانە بەشێكن لە پلانی حكومەت بۆ پشتگیریكردنی كەرتی كشتوكاڵ و هاندانی جووتیاران بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنانی گەنم و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك.