بۆچی ئەمریكا هێرشەكانی لە تاریكیدا ئەنجامدەدات؟

عیراق 01:46 PM - 2026/07/12

لە شەڕ و ئۆپراسیۆنە سەربازییە مۆدێرنەكاندا، كاتی ئەنجامدانی هێرش بڕیارێكی هەڕەمەكی نییە، بەڵكو بەشێكە لە پلان و ستراتیژیی سەربازی. زۆربەی سوپا پێشكەوتووەكانی جیهان، لەوانەش ئەمریكا، هەوڵ دەدەن كاتی هێرش بە شێوەیەك هەڵبژێرن كە زۆرترین كاریگەری لەسەر ئامانجەكە هەبێت و لە هەمان كاتدا مەترسی بۆ هێزەكانی خۆیان كەمترین ئاست بێت. بۆیە لە زۆر كاتدا ، هێرشە گرنگەكان لە درەنگانی شەو یان بەرەبەیانی ئەنجام دەدرێن، 
چونكە ئەمە ستراتیژێكی سەربازیی جیهانییە. هۆكارەكانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە كە بریتین لە:
-ئاستی  بینین : شەو و تاریكی دەرفەتی زیاتر بە هێزە هێرشبەرەكان دەدات كە بە ئاسانی نەبینرێن. ئەمە ڕێگە بە فڕۆكە و درۆنەكان دەدات بە بەرزییەكی كەمتر بفڕن و لە ڕادار و سیستەمەكانی بەرگری ئاسمانی نزیك ببنەوە بەبێ ئەوەی بە ئاسانی ئاشكرا بكرێن.
وریایی : لە درەنگانی شەودا، ئاستی وریایی و ئامادەیی مرۆیی لە بنكە سەربازییەكان و ناوەندەكانی فەرماندەییدا بە سروشتی ڕوو لە كەمبوونەوە دەكات. كەمتربوونی كارمەندان لە ئەركدا و ماندوێتیی پاسەوانەكان وای دەكات كاردانەوەی بەرامبەر خاوتر بێت.

پاراستنی هاووڵاتیان: كاتێك ئۆپراسیۆنێك لە درەنگانی شەودا دەكرێت كە شەقامەكان چۆڵن، ئەگەری زیان بەركەوتن بە خەڵك بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە. ئەمە بۆ ئەمریكا گرنگە بۆ ئەوەی ڕەوایەتی سیاسی و یاسایی ئۆپراسیۆنەكەی لەدەست نەدات.

-توانای بەرپەرچدانەوە: لە كاتێكدا كە فەرماندەكان و هێزەكان لە پشوودان، كاتێكی زیاتریان پێویستە بۆ ئەوەی بێنە دۆخی ئامادەباشییەوە و بڕیاری بەرپەرچدانەوە بدەن. چەند سەعاتی سەرەتا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هێزە هێرشبەرەكە ئامانجەكانی بپێكێت و پێش ئەوەی بەرپەرچ بدرێتەوە، ناوچەكە بەجێبهێڵێت.

تەكنەلۆژیا: ئەمریكا خاوەنی پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیای بینینی شەوانە و كامێرای گەرمیە. ئەم تەكنەلۆژیایە وایكردووە شەو بۆ ئەوان وەك ڕۆژ وایە، لە كاتێكدا زۆرێك لەو گرووپ و وڵاتانەی كە ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەمان ئاستی تەكنەلۆژیایان نییە.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو