زەیدی: ئەولەویەتی كارەكانمان بونیادنانی دەوڵەتێكە كە هەموو عیراقییەكان شانازی پێوە بكەن

عیراق 10:51 PM - 2026/07/12

لە وتارێكیدا بۆ رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی، عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق تەئكیدی لەسەر دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا كردەوە كە پشتبەستوو بێت بە وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووری، نەك تەنها بەڕێوەبردنی قەیرانەكان.

زەیدی ئاماژەی بە پابەندبوونی حكومەتەكەی كرد بە سەروەریی یاسا، داماڵینی چەك و گۆڕینی عیراق بۆ ناوەندێكی ئابووریی ناوچەیی لە رێگەی كاركردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان.

عەلی زەیدی لەوتارەكەیدا لەبارەی چاكسازیی ناوخۆیی و سەروەریی یاسا رایگەیاندووە، عیراق بە ساتەوەختێكی چارەنوسسازدا لە كاروانی چاكسازیی نیشتمانیدا تێدەپەڕێت كە كۆمەڵگە چاوەڕوانی دەكات. ئەولەویەتی كاری حكومەت بونیادنانی دەوڵەتێكە كە هەموو عیراقییەكان شانازی پێوە بكەن.

 راشیگەیاندووە، لە ماوەی كەمتر لە 60 رۆژدا، حكومەتەكەی پێشكەوتنی بەدەستهێناوە لە داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكان و دەرگای بۆ تێكەڵكردنیان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت كردووەتەوە. ئەوەشی خستەڕوو كە كاری بۆ بەهێزكردنی سەروەریی یاسا و دابینكردنی دەرفەت و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتیان كردووە.

لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان، عەلی زەیدی رایگەیاندووە،  بەڵێنێكی پتەوی بە گەلی عیراق داوە كە رۆژی 30 ی ئەیلوول (كە هاوكاتە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق) ببێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێ لە هاوبەشیی ئامانجدار لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

راشیگەیاندووە، سەردانی واشنتۆن دەكات و چاوەڕوانی  قووڵكردنەوەی هاوبەشییە بە شێوازێكی راستەقینە،و دەیەوێت پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانەكانەوە بگوازمەوە بۆ قۆناغی رەخساندنی دەرفەتەكان. زەیدی لە وتارەكەیدا وتوویەتی: لە میانی دیدارەكەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، رێگای كرداری بۆ بەدیهێنانی دیدگای هاوبەشی و دەرفەتە هاوبەشەكان دەخاتەڕوو. وە ترەمپ ئەولەویەت بە ئەنجامەكان دەدات و گفتوگۆكانیان تیشك دەخەنە سەر وەبەرهێنان.

لەبارەی ئابووری و وەبەرهێنان عەلی زەیدی لەوتارەكەیدا رایگەیاندووە، ئارەزوو دەكەن گەورە كۆمپانیا ئەمریكییەكان بڕواننە ئەو دەرفەتانەی كە لە بەردەستدان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی عیراق، كەرتی وزە، پیشەسازی، تەكنەلۆجیا، و ئابووریی دیجیتاڵی. لەبارەی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی عیراق سەرۆك وەزیرانی عیراق راشیگەیاندووە، سەقامگیریی ناوچەیی بە پرسێكی گرنگ دادەنرێت بۆ گەشەپێدانی وڵاتەكەی، عیراق خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەیە ببێتە ناوەندێكی پێشەنگی ئابووریی لە ناوچەكەدا. هەروەها خاوەنی یەكێك لە گەورەترین یەدەگە سەلمێنراوەكانی نەوتە لە جیهاندا، لەگەڵ سەرچاوەی سروشتیی زۆر، هێزی كاری لێهاتوو و بازاڕێكی ناوخۆیی گەورە. هەروەها راشیگەیاندووە، ئەمریكا هاوبەشێكی سەرەكییە لە بەهێزكردنی ئاشتیی نێودەوڵەتی و فراوانكردنی بازنەی متمانە و هاوكاری لە نێوان عیراق و دراوسێكانیدا. وە عیراقیش دەتوانێت ببێتە هاوبەش لە بەدیهێنانی سەقامگیریی ناوچەییدا. 

سەرۆك وەزیرانی عیراق تەئكی لەوەكردەوە، عیراقییەكان ئەمڕۆ درك بەوە دەكەن كە كاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ جیهان و هاوبەشە ستراتیژییەكاندا بنووسنەوە، كە لەسەر بنەمای تێكەڵبوون لە سیستەمە ئابووری و داراییە جیهانییەكاندا بێت. تەئكیدی لەوەشكردەوە، عیراق وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری لە جەمسەربەندی و ململانێ ناوچەیییەكاندا لە دوورییەكی یەكساندا وەستاوە، لە جیاتی ئەوە رێگای گەشەپێدان هەڵدەبژێرێت و دەستی بۆ دۆستەكانی درێژ دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو