لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ واشنتن عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەوە و دواین پەرەسەندنە ئابوریی و سیاسییەكانی ناوچەكەیان تاوتوێكرد.
نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویانكردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەشوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتن پێشوازیكردووە لە تۆم باراك نوێنەری تایبەتی سەرۆپكی ئەمریكا بۆ كاروباری عیراق، لە دیدارەكەداباس لە ئاستی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەغداد و واشنتن لە بوارە جیاوازەكاندا كراوە.
هاوكات ئاماژەی بەوەشداوە،بەشێكی سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان زەیدی و باراك تەرخانكرا بۆ تاوتوێكردنی ئەو پێشكەوتنانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا هاتوونەتە ئاراوە.
هەروەها هەردوولا تەئكیدیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری ئەم هاوبەشییانە كردەوە بە جۆرێك خزمەت بە كەرتی وەبەرهێنان و ئابووری بكات.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پەرەسەندنەكانی دۆخی ناوچەكە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر كرا وهەردوولا تەئكیدیان لەسەر گرنگیی پشتیوانیكردنی هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و كەمكردنەوەی ئاستی گرژییەكان كردەوە لەگەڵ ئەوەشدا تیشك خرایە سەر ئەو ڕۆڵە میحوەرییەی كە عیراق دەتوانێت لە ناوچەكەدا بەرجەستەی بكات بۆ نزیككردنەوەی دیدگاكان و پاراستنی ئارامی.