دوو نەوتهەڵگری ئیمارات كرانە ئامانج و جوڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز راگیرا

عیراق 12:59 PM - 2026/07/14

دوو نەوتهەڵگری ئیمارات كرانە ئامانج و جوڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز راگیرا  ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، دوو كەشتیی نەوتهەڵگری ئیماراتی بە ناوەكانی "مەمباسا" و "ئەلباهییە" لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز و لە ئاوەكانی عومان بە دوو مووشەكی كرووزی ئێرانی كراونەتە ئامانج.

راشیگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەكە كارمەندێكی هیندی گیانی لەدەستداوە و هەشت كارمەندی تریش برینداربوون كە چوار لە بریندارەكان دۆخیان سەختە. ئاماژەی بەوەشكرد، رەگەزنامەی بریندارەكان پێكهاتوون لە 6 هاووڵاتیی هیندی و 2 هاووڵاتی ئۆكرانی.

دوای راگەیاندنی هێرشكردنە سەر دوو كەشتی نەوتهەڵگری ئیماراتی لەلایەن ئێرانەوە، ئاژانسی "بلومبێرگ"ـی ئەمریكی، بەپێی داتاكانی چاودێریكردنی هێڵی گواستنەوەی دەریایی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە جوڵەی كەشتیوانی لە گەروی ستراتیژیی هوورمز بە شێوەیەكی نیمچە تەواو راگیراوە و وەستاوە.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئیمارات تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، وڵاتەكەی مافی تەواوی خۆی دەپارێزێت بۆ وەڵامدانەوە و گرتنەبەری سەرجەم رێوشوێنە پێویستەكان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش، سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو