سوپای پاسداران: دوو كەشتی لە گەرووی هورمز تەقیونەتەوە

عیراق 10:31 AM - 2026/07/18

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو نەوتهەڵگر لە كاتی تێپەڕبوونیان لە رێڕەوێكی باشووری گەرووی هورمز تەقیونەتەوە و ئاگریان گرتووە. دەشڵێت، ئەم دوو كەشتییە بەهۆی فێڵ و چەواشەكاریی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكاوە كەوتوونەتە ناو كێڵگەیەكی مینەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، تا ئێستا ناسنامەی ئەو دوو نەوتهەڵگرە و قەبارەی زیانەكان یان بوونی بریندار لە ناو ستافی كەشتییەكان ئاشكرا نەكراوە.

لە هەمانكاتدا، تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویكردەوە، كە هێزەكانیان چوار كەشتیی تریان لە كاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز راگرتووە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی كەشتییەكان یان هۆكاری راگرتنیان ئاشكرا بكات.

ئەم ئاڵۆزییانە لە كاتێكدایە كە جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەهۆی پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، پاشەكشەیەكی بێ پێشینەی بەخۆوە بینیووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمپانیای "كێپلەر"  تایبەتە بە چاودێریی بارە دەریاییەكان، رۆژی پێنجشەممە تەنیا 8 كەشتی لە گەرووەكە تێپەڕیون، لەكاتێكدا رۆژی چوارشەممە 15 كەشتی و دوو هەفتە لەمەوبەر رۆژانە 48 كەشتی تێپەڕ دەبوون.

ئەوە لە كاتێكدایە كە پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە كۆتایی مانگی شوباتدا، تێكڕای هاتوچۆی رۆژانە لە گەرووی هورمز دەگەیشتە زیاتر لە 100 كەشتی، ئەمەش نیشانەی كاریگەرییە قووڵەكانی گرژییە سەربازییەكانە لەسەر ئاسایشی وزە و بازرگانیی جیهانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو