سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، پاش دەستپێكردنەوەی جەنگی ئێرانو ئەمریكا، چەند رێنماییەكی نوێی بۆ ڕووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاساییدا بڵاوكردەوە.
لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان ڕایگەیاندووە، بەهۆی هەستیاریی دۆخی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان، جارێكی تر داواكارین كەناڵەكانی راگەیاندن، میدیاكاران و بەكاربەرانی سۆشیال میدیا لە سنوری سلێمانی پابەندی ئەم خاڵانە بن.
یەكەم: بەرپرسیارێتی وتاری میدیاییمان ئاوێتەی ستراتیژیمان بێت.
دووەم: رێگە نەدرێت كەناڵەكان ببنە سەكۆیەك بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سنوری سلێمانی.
سێیەم: هەر سەرچاوەیەكی زانیاریی رەسمیی نەبێت یان لێدوانی وتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەكان نەبێت، پشتی پێ نەبەسترێت.
لە خاڵی چوارەمدا لقی سلێمانی سەندیكا داوا لە رۆژنامەنوسان دەكات، خۆیان لە بڵاوكردنەوەی وتی وتی و هەواڵی چەواشەكار و بێ بنەما بپارێزن.
خاڵی پێنجەمیش ڕێنمایی ڕۆژنامەنوسان دەكات، رووماڵی شوێنی بۆردومان و تەقینەوەكان نەكەن، تا لایەنی پەیوەندیدار پشكنین بۆ شوێنەكە نەكەن.
لە خاڵی شەشەمدا سەندیكا ڕایگەیاندووە، بڵاوكردنەوەی خێرای وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەكان دەبێتە چاوساغیی بۆ لایەنی شەڕكەر، حەوتەم خاڵیش باس لە لە شوێنی بۆردومانەكان دەكاتو دەڵێت میدیا چاوپێكەوتن و كۆبوونەوە و قەرەباڵغی خەڵكی دروست نەكات.
خاڵی هەشتەمیش، هۆشداری دەدات كە دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هێڵی سوورە. خاڵی نۆیەمیش سەبارەت بە دیاریكردنی جوگرافیای شوێنی ڕووداو و شكاندنی پرۆتۆكۆڵی بەرپرسیارێتی یاساییە، خاڵی دەیەمیش باس لە بڵاوكردنەوەی هەر زانیارییەكی سەربازی و ئەمنی دەكات كە سەقامگیری كۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە.
خاڵی كۆتاییش باسی لەوەكردووە، لە كاتی كەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەك، ئەو جێگایەی دەبێتە شەڕگە، نابێت پەخشی ڕاستەوخۆی تێدا بكرێت.