ئێران وڵاتانی كوەیت و بەحرەین و ئوردن و سعودیەی كردە ئامانج

عیراق 10:47 AM - 2026/07/18

ئێران هێرشەكانی بۆ سەر وڵاتانی كەنداو چڕكردووەتەوە، شاری خەرج لە سعودیە و بەحرەین و كوەیت ‌و ئوردنی كردە ئامانج.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئێران لە چوارچێوەی هێرشەكانیدا بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی كەنداو هێرشیكردە سەر ئوردن و شاری خەرج لە سعودیە، بنكەی عەلی سالم لە كوەیت و بنكەی سەربازی شێخ عیسا لە بەحرەین.

لەلایەكی ترەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، ئەمریكا جارێكی تر لە ناوەڕاستی دانوستانەكاندا هێرشەكانی بۆ سەر ئێران دەستپێكردووەتەوە، بەڵام ئەو هێرشانە، بێ وەڵام نامێننەوە.

راشیگەیاندووە، ئەو وڵاتانەی خاكی خۆیان خستووەتە بەردەست ئەمریكا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، دەبێت ئامادەی ووڵامدانەوەی توندبن، هەموو ئەو وڵاتانە دەكەنە ئامانج.

هەروەها هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاندووە، چوار كەشتی بە پشتیوانی ئەمریكا هەوڵیانداوە گەرووی هورمز تێبپەڕێنن، بەڵام لە ئۆپراسیۆنێكدا رێگە لە تیپەڕبوونی ئەو كەشتیانە گیراوە. 
لای خۆشیەوە مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هێرشەكانی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا تا ئەو كاتەی ئارامی لە گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە.

سوپای ئوردنیش بڵاویكردەوە، بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەی 10 موشەكی ئێرانییان خستەخوارەوە. هاوكات سوپای كوەیت دەڵێت، بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی درۆن ‌و مووشەكەكانی ئێران.

چەند رۆژێكە هێرشەكانی سوپای ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەستیپێكردووەتەوە ‌و هێرشەكانیش زیاتر لە چوار پارێزگای باشووری ئێران چڕبوونەتەوە، لە بەرامبەردا تاران هێرشەكانی بۆ سەر وڵاتانی كەندا و چڕكردووەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو