سەباح نوعمان:گفتوگۆكانی زەیدی لە پێنتاگۆن بووە هۆی داڕشتنی مێژووییەكی نوێ بۆ پەیوەندییەكان

عیراق 10:21 AM - 2026/07/19

 سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئەنجامی سەردانەكەی سەرۆكوەزیران بۆ واشنتۆن بە سەركەوتنی تەواوەتی وەسف دەكات و رایدەگەیەنێت پەیوەندییەكان چوونەتە قۆناغێكی مێژوویی نوێوە.

لەبارەی یەكەم سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا سەباح نوعمان، ڕایگەیاند، گفتوگۆكانی عەلی زەیدی لە پێنتاگۆن و دامەزراوەكانی تری ئەمریكا، بووە هۆی داڕشتنی چوارچێوەیەكی مێژوویی نوێ بۆ پەیوەندییەكان. ئاماژەی بەوەش كرد كە عیراق بە رەسمی  لە قۆناغی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكانەوە گواستراوەتەوە بۆ هاوبەشیی بەردەوامی ئەمنیی دوولایەنە، كە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەكتر بونیاد نراوە.

بە وتەی سەباح نوعمان،ئەم دەستكەوتە ئەمنییە دەبێتە بناغەیەكی تۆكمە بۆ هاوبەشیی ئابووری و گەشەپێدان و ئەم هەنگاوە رێگە بە عیراق دەدات بگەڕێتەوە بۆ پێگەی سروشتیی خۆی وەك هێزێكی سەرەكی بۆ سەقامگیركردنی ناوچەكە و دەبێتە پایەیەكی گرنگ بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێ.

لە بارەی توانای سەربازییەوە، سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە كرد ،هەوڵی بەهێزكردنی هێزە چەكدارەكان دەدەن لە ڕێگەی دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو و ئەنجامدانی راهێنانی سەربازیی هاوبەش. هەروەها گۆڕینەوەی زانیاریی گرنگ لەگەڵ لایەنی ئەمریكی وەك بەشێك لە ڕێككەوتنەكان دەبینرێت، كە ئامانج لێی مسۆگەركردنی بەردەوامیی دەستكەوتە مەیدانییەكانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو