ئاگر لە دارستانە چڕەكانی فەڕەنسا و ئیسپانیا كەوتووەتەوە و هەزاران هێكتار دارستانی سوتاندووە، بەوهۆیەوە زیاتر لە 200 هەزار كەس ناچاربوون ماڵەكانیان جێبهێڵن و بچنە ناوچە ئارامەكان.
لە چوارشەممەوە ئەو ئاگرە ناوچەیەكی بەرفراوانی ئیسپانیا و فەڕەنسای گرتووەتەوە، لە فەڕەنسا باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەكە و بەتایبەتیش ناوچەی جیرۆند لە نزیك شاری بۆردۆ، دەسەڵاتدارانی خۆجێی فەرمانی چۆڵكردنی تەواوەتی نیمچە دوورگەی كاپ فێرێتیان دەركردووە، كە ناوچەیەكی گەشتیارییە، تەنانەت لەماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 100 هەزار كەس ناوچەكەیان جێهێشتووە.
لە ئیسپانیاش دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە رۆژی هەینیەوە باری نائاساییان ڕاگەیاندووە و تەنها لەدەوروبەری مەدریدی پایتەخت زیاتر لە 10 هەزار كەس ماڵەكانیان چۆڵكردووە، پۆلیس و تیمەكانی بەرگریی شارستانیش سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە تەنها ئەمساڵ لەو وڵاتە زیاتر لە 100 هەزار هێكتار دارستان و سەوزایی سوتاون، بەتایبەتیش لە هەرێمی گوادالاخارا.