دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند؛ توانای سەربازیی ئێران بە تەواوی تێكشكاوە و تاران ئێستا زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن؛ هاوكات تەئكیدی كردەوە هێڵی سووری ئەوان ئەوەیە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكی نوێدا سەبارەت بە دۆخی ئێران و جەنگی ناوچەكە وتی: هەموو شتێك سەبارەت بە ئێران زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، بۆیە باوەڕ بە میدیای ساختە مەكەن. ئێمە زۆر بە باشی و بە تووندی لە ئێرانمان دا؛ ئێستا چیدیكە هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان نەماوە.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماری وردی لەبارەی ئەو زیانانە خستەڕوو كە سوپای ئەمریكا بە ئێرانی گەیاندووە و وتی: "250 فڕۆكەی جەنگییان تێكشكاندووە، 150 بەلەمی میندانان كە بەلەمی زۆر پێشكەوتوو بوون تێكشكاون. هیچ رادارێكیان نەماوە و تەنیا چەند درۆنێكیان بۆ ماوەتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد، بەرپرسانی تاران لە ژێر پەردەوە دەیانەوێت گفتوگۆ بكەن و وتی: "بەو جۆرەی كە ئێستا قسەمان لەگەڵ دەكەن، زۆر حەز دەكەن رێككەوتنمان لەگەڵ بكەن. پێم وانییە هێشتا ئامادە بن، بەڵام من ئامادەم گوێیان لێ بگرم.
سەرۆكی ئەمریكا جارێكی تر هەڕەشەی كرد و رایگەیاند، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی. ئەو وتی: نامانەوێت ببینین واشنتۆن، ئیسرائیل یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەكی ئەتۆمی وێران بكرێن.
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە كاتێكدایە، ناوچەكە بۆ یەكەمجار، دوای 13 شەوی لەسەریەك لە پێكدادانی چڕ، شەوی هەینی سوپای ئەمریكا هیچ هێرشێكی نەكردە سەر ئێران، لە بەرامبەریشدا ئێران هیچ هێرشێكی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا لە ناوچەی كەنداو رانەگەیاندووە.