هێڵی شەمەندەفەری عیراق لەنێوان 2024 و 2025دا

عیراق 02:15 PM - 2026/07/25

 بەپێی داتاكانی دەستەی گشتی ئاماری عیراق، لەساڵی 2025دا گەشتكردنی هاووڵاتیان لە رێگەی شەمەندەفەرەوە 22.6% كەمیكردووە، داهاتەكەیشی 17.9% دابەزیووە، ئەوەش بەهۆی وەستانی هەندێك لە شەمەندەفەرەكان‌و نوێنەكردنەوەی گرێبەستی تایبەت بە گواستنەوە لە رێگەی هێڵی ئاسنین. ئێستا پێتان دەڵێم، درێژی هێڵی شەمەندەفەر لە عیراق چەندە، وە لەو دوو ساڵەدا چەند كەس بەكاریان هێناوە‌و داهاتەكەشی چەند بووە.

هێڵی شەمەندەفەری عیراق 
-درێژی هێڵی ئاسنین: دریژی هێڵی شەمەندەفەر لە عیراق 3 هەزار‌و 72 كیلۆمەترە، كە هەزار‌و 856 كیلۆمەتری سەرەكییە‌و لەسەدا 60ی تێكڕای درێژی هێڵە ئاسنینەكان پێكدەهێنێت، بەڵام بەشێكی ژێرخانەكەی وێران بووە‌و پێویستی بە نوێكردنەوەیە. 

-فراوانكردنی پڕۆژەكە: لە ساڵی 2025دا بانكی نێودەوڵەتی ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر پڕۆژەی فراوانكردن‌و نوێكردنەوەی هێڵی شەمەندەفەری عیراق بەبڕی 930 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەكە نوێكردنەوەی ژێرخانی هێڵی شەمەندەفەری نێوان بەندەری ئوم قەسر‌و شاری موسڵ لەخۆدەگرێت، كە ئامانج لێی زیادكردنی توانای گواستنەوەی هاووڵاتیان‌و كاڵا‌و شمەكە.  

هێڵی شەمەندەفەری عیراق لەنێوان 2024 و 2025دا
-2024‌و 2025: بەپێی ئامارەكان، لەساڵی 2024دا 248 هەزار كەس شەمەندەفەرەكانی عیراقیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی لە شارێكەوە بچن بۆ شارێكی تر یاخود لە ناوچەیەوە گەشت بكەن بۆ ناوچەیەكی تر، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2025دا بۆ 192 هەزار كەس كەمیكردووە، واتە بەڕێژەی لەسەدا 22 پۆینت 6 كەمیكردووە، هۆكاری ئەو كەمبوونەوەیەش بۆ لەكاركەوتنی ژمارەیەك لە شەمەندەفەرەكان دەگەڕێتەوە.

-2024‌و 2025: هەر بەپێی داتاكانی دەستەی ئاماری عیراق، لەساڵی 2024دا 267 ملیۆن تۆن كاڵا‌و شمەك لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە لەناوخۆی عیراق گواستراوەتەوە، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2025دا بۆ 255 ملیۆن تۆن دابەزیووە، واتە بەڕێژەی لەسەدا 4 پۆینت 5 كەمیكردووە، زۆربەی ئەو بارانەی لە رێگەی شەمەندەفەرەوە گواستراونەتەوە، بەرهەمە نەوتییەكان، بەرد و دانەوێڵە بوون. 

داهاتی هێڵی ئاسنینی عیراق: داتاكانی دەستەی ئاماری عیراق ئاشكرای دەكەن، كۆی داهاتی هێڵی ئاسنینی عیراق لە ساڵی 2024دا دوو ملیار‌و 700 ملیۆن دینار بووە، وە تێكڕای نرخی گواستنەوەی هەر كەسێك 10 هەزار‌و 919 دینار بووە، بەڵام كۆی ئەو داهاتە، لە ساڵی 2025دا بۆ دوو ملیار‌و 200 ملیۆن دینار دابەزیووە‌و تێكڕای نرخی گواستنەوەی هەر كەسێكیش 11 هەزار‌و 500 دینار بووە، واتە لەماوەی یەك ساڵدا داهاتی ئەو هێڵە لەسەدا 17 پۆینت 9 كەمیكردووە. هۆكاری ئەم دابەزینەش بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی فارگۆنی گواستنەوەی كاڵا و وەستانی پرۆسەكە بۆ چەند مانگێك دەگەڕێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو