كۆمپانیای نەوتی سعودیە (ئارامكۆ) پاڵاوگەكانی نەوتی لە ئەوروپا ئاگادار كردووەتەوە كە لە مانگی داهاتووەوە ئەو بڕە نەوتە خاوەیان بۆ دابین دەكات كە داوایان كردبوو، ئەمەش دوای ئەوەی هێڵی سەرەكیی بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای وڵاتەكە دەستی بە كاركردن كردەوە.
ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە، كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی پاڵاوگەكانی نەوتی لە ئەورووپا ئاگاداركردووەتەوە كە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا، تەواوی ئەو بڕە نەوتە خاوەیان بۆ دابین دەكات كە داوایان كردبوو.
ئەم هەنگاوەش دوای چاككردنەوە و دەستبەكاربوونەوەی خێرای هێڵی سەرەكیی بۆریی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوای سعوودیە دێت. بەپێی بڵاوكراوەكە، ئارامكۆ رۆژانە نزیكەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوت بەم بۆرییەدا دەگوازێتەوە، كە توانای هەیە بگاتە حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بۆرییەكە تەنیا بە نیوەی توانای خۆی كاری دەكرد.
بەهۆی بەئامانجگرتنی ئەم بۆرییە لە مانگی ئەیلوولدا، ئارامكۆ هەناردەكردنی بۆ ئەورووپا لە مانگی تشرینی یەكەمدا بەتەواوی راگرت. ئەمەش پاڵاوگە گەورەكانی وەك كۆمپانیای ئۆرلین (گەورەترین كڕیاری ئەورووپی) ناچار كرد زیاتر لە 10 تەندەر بۆ كڕینی نەوتی جێگرەوە ڕابگەیەنێت.
بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا وەك شاڕێگەیەكی ستراتیژیی سعودیە دادەنرێت بۆ گواستنەوەی نەوت بەرەو دەریای سوور. ئەمەش رێگەی پێدەدات بەبێ بەكارهێنانی گەرووی هورمز نەوتەكەی هەناردە بكات، كە ئێستا بەهۆی گرژی و شەڕی ئێرانەوە كەوتووەتە بەرزترین ئاستی مەترسییەوە.