سێ‌ قاچاخچی نەوت لە دیالە دەستگیركران

کوردستان 11:50 AM - 2026/10/10

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنی بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەكانی لە هەردوو پارێزگای دیالە و نەینەوا ئەنجامدا و وتەبێژی دەزگاكەش دەڵێت، لە ئۆپراسیۆنەكەدا سێ قاچاخچی و تۆمەتبارێكی مەترسیداریان دەستگیركردووە.

ئەرشەد حاكم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق راگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووری‌و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی سووتەمەنی، تیمەكانیان لە رێگەی زانیاریی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنی سەركەوتوویان ئەنجامدا.

بەوتەی ئەرشەد حاكم، لە پارێزگای دیالە سێ قاچاخچی دەستگیركران و دەست بەسەر چەندین تانكەردا گیرا كە بڕێكی زۆر نەوت، بەرهەمی نەوتی و ماددەی تریان تێدابوو، بە وتەی ئەرشەد حاكم، لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە بەشێك لەو بارانە بۆ بەقاچاخبردن ئامادەكرابوون‌و سەرپێچیی گەورە لە بەڵگەنامەكانی گواستنەوە و سیستمی چاودێرییدا هەبووە.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق دەشڵێت، لە پارێزگای نەینەوا هێزەكانیان توانیویانە تۆمەتبارێك دەستگیر بكەن كە بەپێی یاسای رووبەڕووبوونەوەی قاچاخی نەوت و بەرهەمەكانی، لەلایەن دادگاوە داواكراو بوو. لەو ئۆپراسیۆنانەشدا دەست بەسەر نزیكەی 50 هەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیراوە و تەواوی رێكارە یاساییەكان بەرامبەر سەرپێچیكاران گیراونەتەبەر .

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو