سێنتكۆم: 25 ملیار دۆلار زیانمان بە هەناردەی نەوتی ئێران گەیاندووە

عیراق 10:58 AM - 2026/10/17

ئەمیرال براد كۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم) دەڵێت، گەمارۆی توندی ئەمریكا هەناردەی تارانی پەكخستووە و 25 ملیار دۆلار زیانی پێگەیاندوون، ئەمەش كاریگەریی لەسەر دابینكردنی مووچەی سوپای پاسداران هەبووە.

بەگوێرەی پەیامێكی ڤیدیۆیی براد كۆپەر، هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان كۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزیان كردوە و لە ماوەی هەفتەیەكدا یارمەتیی گواستنەوەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان داوە. دەشڵێت، تیمەكانیان سەرقاڵی پاككردنەوەی گەرووەكەن لە مینە دەریاییەكانی ئێران.

بە وتەی براد كۆپەر، لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە 20 دەریاوانی مەدەنی بەهۆی هێرشەكانی سوپای پاسدارانەوە كوژراون. هەر لە چوارچێوەی فشارەكاندا، سێنتكۆم هاوكاریی بلۆككردنی 350 ملیۆن دۆلاری لە دراوە دیجیتاڵییەكان كردووە كە سەربە تاران بوون.

فەرماندەكەی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، گەمارۆ دەریاییەكان هەمو هاوردە و هەناردەیەكی ئێرانیان پەكخستووە، جگە لە هاوكارییە مرۆییەكان. ئەم فشارانەش كاریگەریی گەورەی لە سەر ئابووریی ئێران هەبووە، بە جۆرێك كە كێشە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی نەوت و تەنانەت چەكدارانی سوپای پاسدارانیش دروستبووە.

لە كۆتاییدا كۆپەر تەئكیدی كردەوە كە زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریكی لە ناوچەكەدان و لە هەڵمەتە 38 ڕۆژییەكەی پێشودا توانیویانە توانای موشەكی و درۆنیی ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو لاواز بكەن.

ئەمەش لە كاتێكدایە، واشنتۆن لەرێگەی گەمارۆكانیەوە هەوڵدەدات سەرچاوە داراییەكانی ئێران بە تەواوی وشك بكات. لە بەرامبەردا تاران لەرێگەی مینڕێژكردن و هێرشی درۆنییەوە هەوڵدەدات نرخی وزە لە جیهاندا بەرز بكاتەوە تا فشار بخاتە سەر وڵاتانی رۆژئاوا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو