پاكستان سنوورەكانی لەگەڵ ئێران داخست

عیراق 10:24 AM - 2026/10/24

 ئێران بەهۆی پەككەوتنی رێگاكانی بازرگانیی وشكانی رووبەڕووی فشاری زیاتری ئابووری دەبێتەوە، چونكە پاكستان لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمریكا رێگەی بە تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە نەداوە كە لە خاكی ئێرانەوە دەچنە ئەو وڵاتە و بەو هۆیەوە هاتوچۆ لە دوو دەروازەی سنووریی راگیراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، فشارەكانی ئەمریكا كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی كاڵا دروستكردووە، بەوپێیەی لێپرسراوانی پاكستان لە چوارچێوەی پابەندبوون بە سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر تاران و بە پاساوی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغ، بڕیاری پێشووی خۆیان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەكانی تەفتان و گەبد-ریمدان هەڵوەشاندووەتەوە و جووڵەی بارهەڵگرەكانیان لە خاكی ئێرانەوە بە تەواوی راگرتووە، هەرچەندە هاتوچۆی گەشتیاران لە ریمدان بەردەوامە.

لێپرسراوێكی ئێرانی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، هەناردەی وڵاتەكەیان بۆ پاكستان راگیراوە، بەبێ ئەوەی قەبارەی زیانەكە یان كاتی دەستپێكردنەوەی دیاری بكات، هاوكات لێپرسراوێكی ئەمریكیش تەئكیدی كردووەتەوە كە سزاكانی واشنتۆن ئامانجیان گۆشەگیركردنی تاران، بێئومێدكردنی و خستنەژێر فشاری توندی ئابوورییە.

ئەو رێكارانەی ئیسلام ئاباد قەیرانێكی لۆجستیی گەورەی لەسەر سنوور دروستكردووە، بە جۆرێك بە سەدان بارهەڵگری خۆراك وەك برنج، میوەی فرێش و گازی شلی LPG لە هەردوو دیوی سنوور پەكیان كەوتووە. تەنها لە دەروازەی ریمدان نزیكەی سێ هەزار بارهەڵگر لە چاوەڕوانیدا وەستاون. كێشەكان پەڕیونەتەوە بۆ بەندەرە دەریاییەكانیش؛ بەگوێرەی وتەی لێپرسراوانی ژووری بازرگانیی تاران، نزیكەی 17 هەزار بارهەڵگری بازرگانانی ئێرانی لە بەندەری كەراچیی پاكستان گیریان خواردووە بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی خراونەتە بەردەم رێڕەوی وشكانیی میرجاوە – تەفتان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو