بانكی ناوەندیی عیراق وادەی گەیشتنی ملیارێك دۆلاری لە ئەمریكاوە ئاشكراكرد و رایگەیاند: لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا بارێكی نوێی دۆلار بە بڕی یەك ملیار دۆلار لە ئەمریكاوە دەگاتە بەغداد، ئەمەش وەك هەنگاوێكی كاریگەر بۆ بەهێزكردنی بەهای دیناری عیراقی و سەقامگیركردنی زیاتری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو هەژمار دەكرێت.
مەحموود داغر راوێژكارو وتەبێژی بانكی ناوەندیی عیراق رایگەیاند،لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا، بارێكی نوێی دراوی دۆلار لەئەمریكاوە دەگاتە بەغداد كە بڕەكەی یەك ملیار دۆلاری كاشە، ئەم پێشهاتەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەهێزبوونی بەهای دیناری عیراقی و پاراستنی سەقامگیریی دارایی دادەنێت. ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەم بڕە نوێیەی دۆلار راستەوخۆ دەخرێتە خزمەت پڕۆسەی هاوسەنگكردنی بازاڕی دارایی و پاڵپشتیكردن لە دیناری عیراقی.
سەبارەت بەدابەزینی ئەم دوایییەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاریش لەبازاڕە ناوخۆیییەكاندا، داغر روونی كردەوە، كە ئەم گۆڕانكارییە ئەرێنییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە نەختینەیییەی بانكی ناوەندی پەیڕەوی دەكات لە رێگەی زیادكردنی قەبارەی خستنەڕووی دۆلار، هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانكاری و چاكسازییە ئابوورییانەی لە بازاڕدا هاتوونەتە كایەوە.
ئەم رێكارانەی بانكی ناوەندی لە كاتێكدان كە بەپێی زانیارییەكان، دانوستانەكانی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لەگەڵ لایەنی ئەمریكی بەردەوامییان هەیە، بە مەبەستی رێككەوتن لەسەر زیادكردنی بەرچاوی قەبارەی ناردنی دۆلاری كاش بۆ وڵاتەكە.لە قۆناغی یەكەم و لە چەند رۆژی داهاتووەوە، مانگانە بڕی یەك ملیار دۆلار بە بەردەوامی رەوانەی عێراق دەكرێت؛ لە كاتێكدا هەوڵە دیپلۆماسی و دارایییەكانی حكوومەت چڕكراونەتەوە تاوەكو ئەو قەبارەیە بۆ دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری مانگانە بەرز بكرێتەوە، بە ئامانجی ئەوەی جیاوازی بەهای دۆلار و دینار لە بازاردا نەمێنێت.