بانكی خانوبەرەی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندیی عیراق، زیادكردنی تەرخانكراوی دەستپێشخەریی نیشتەجێبوونی بۆ ساڵی 2026 بە گوژمەی یەك ترلیۆن دینار راگەیاند، ئەوەش بە مەبەستی پێدانی قەرز بەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە كۆمەڵگە وەبەرهێنانكارییەكاندا یەكەی نیشتەجێبوون بكڕن.
وەزارەتی دارایی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ، لەسەر راسپاردەی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق، فالح ساری وەزیری دارایی و نزار ناسر پارێزگاری بانكی ناوەندی، بڕیار دراوە بە زیادكردنی بڕی ترلیۆنێك دینار بۆ دەستپێشخەریی خانوبەرە بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی خێزانەكان لە پارێزگاكانی عیراق.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئامانجی سەرەكی لەم هەنگاوە دابینكردنی پێداویستیی نیشتەجێبوون و وەڵامدانەوەی داواكاریی ئەو هاووڵاتییانەیە كە دەیانەوێت لە رێگەی قەرزی خانووبەرەوە یەكە لەناو كۆمەڵگە نیشتەجێبوونەكاندا بكڕن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە كردووە ،دەستپێشخەرییەكە چەند ئامانجێكی گەشەپێدان و ئابووری دەپێكێت، لەوانە: بەشداریكردن لە چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە رێگەی دروستكردنی یەكەی نوێی مۆدێرن لە پارێزگاكاندا، رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و بەگەڕخستنەوەی دەستی كار لە بازاڕدا، لەگەڵ بوژاندنەوەی ئابووریی نیشتمانی و پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، بەتایبەتی كارگەكانی خشت، ئاسن، چیمەنتۆ و كەرەستە بیناسازییە پلاستیكییەكان.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشهاتووە، ئەنجوومەنی كارگێڕیی بانكی خانوبەرە لە كۆبوونەوەی 20ـی تشرینی یەكەمی 2026، رێنماییە تایبەتەكانی بەم دەستپێشخەرییە پەسند كردووە و دەستی بە رێكارەكانی پێدانی قەرز كردووە بەپێی ئەو مەرج و رێنماییانەی كە دیاریكراون.
سەبارەت بە میكانیزمی پێشكەشكردن و كەمكردنەوەی رۆتین لەبەردەم هاووڵاتییاندا، بانكی خانوبەرە روونیكردووەتەوە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق، سیستمی پێدانی قەرز و دانەوەی مانگانەی قیستەكانی لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی و ئەپڵیكەیشنی مۆبایلەوە كارا كردووە.
ئەم رێكارە نوێیە وا دەكات هاووڵاتییان لە 15 پارێزگای عیراق بتوانن بەبێ سەردانیكردنی راستەوخۆی لقەكانی بانكەكە، لە رێگەی مۆبایلەكانیانەوە تەواوی پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارە و دانەوەی قیستەكان جێبەجێ بكەن.