ستران عەبدوڵڵا
ستران عەبدوڵڵا
رۆژی ١٧-٥-٢٠١٦ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتنی دەباشانیان ئیمزا کرد. بەم رێککەوتنە ژمارەی کورسییەکانی یەکێتیی و گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بووە ٤٢ کورسی ( ١٨ی یەکێتیی و ٢٤ گۆڕان) هی پارتی ٣٨ بوو .
ئەو کاتە سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان لە ژیاندا بوون و کۆمەڵانی خەڵکیش شایەتی مەراسیمی رێککەوتنەکە بوون . پێش ئەوەی فراکسیۆنی دەباشان بڵێ ئەم کورسیانە چی لێ دەکات؟ بەکاری دێنێ بۆ دیموکراسیی و ئاشتی یان بۆ گەلەکۆمەکێی سیاسیی یان تەنانەت دەیشکێننێ و دەیسوتێنێ ، رێک پارتی رایگەیاند بە جیا لەگەڵ یەکێتیی و بە جیا لەگەڵ گۆڕان دادەنیشێ ، بەڵام پێکەوە لەگەڵیان کۆنابێتەوە. ئەمە لە قوتووی کام سیاسەت و دیموکراسیدا جێی دەبۆوە؟
ئەمساڵیش یەکێتیی و نەوەی نوێ رێککەوتنێکیان راگەیاند کە ماوەیەکی تر بە رەسمی ئیمزای دەکەن. رێکەوتنی دەباشان وەک ئەوەی یەکێتیی و نەوەی نوێ وتیان دژی پارتی نین، بەڵام بە هەقی خۆمانی دەزانین سیاسەت بکەین و پێکەوە بین.
بەس بە کێ دەڵێی ؟ پارتییەک لێپرسراوی هەڵبژاردنەکەی لەسەر شاشە جەمع و تەرحی کورسییەکانی سەهوو و هەڵەی تیایە و حیساباتەکەی دەبێتە ترندی سۆشیال میدیا چۆن دان بە کورسی کۆکراوەی هاوپەیمانییەکاندا دەنێت و چۆنی دەژمێرێت؟
جاری پێشوو پارتی بەوپەڕی دیموکراسیی و رێزگرتن لە دامەزراوەی تەشریعییەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئاوارەی ئەو دیو دێگەڵە کرد و خۆی لە پێشهاتەکانی رێککەوتن نەبان کرد.
ئەمجارەش لە رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ کە ژمارەی ٣٩ کورسی مسۆگەر کردووە، دیسانەوە پەڵپ بە دیموکراسی ئەگرێ و بیانووی ناڕەوا بۆ جولەی سیاسیی بەرامبەرەکانی دەهێنێتەوە. بەناوی پیرۆزی و هەیبەتی پەرلەمانەوە تۆمەتی سەیر و سەمەرە بۆ ململانێکارانی بەرامبەری دادەتاشێ.
ئەمەی پارتی دەیکا و دەیڵێ ناچێتە بابەتی شەرعیەت و دیموکراسی راستەقینەوە، ناچێتە کۆڕی سیاسەتی مەنتیقییەوە ، دەچێتە بابی کۆمیدیای سیاسیی خۆسەپێنییەوە