کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەرپەرچدانەوەی موشەكەكانی ئێران زیاتر لە ملیارێك دۆلار تێچووەكەی بووە

.

06:13 PM - 14/04/2024

رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرنوت"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، تێچووی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەكەكانی شەوی رابردوو كە ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیلی كردن، یەك ملیارو 350 ملیۆن دۆلار بووە.

رام عەمیناح، راوێژكاری دارایی پێشووی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەكەی راگەیاند: من تەنیا باس لە تێچووی بەرپەرچدانەوەی مووشەكەكانی ئێران دەكەم، نەك زیانی ماددی بەهۆی مووشەكەكانیانەوە، كە تێچووەكەی یەك ملیارو 350 ملیۆن دۆلار بووە.

راشیگەیاند: "یەك مووشەك لە جۆری (حیتس) كە مووشەكی بالیستیكیی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، تێچووەكەی ٣.٥ ملیۆن دۆلارە، هەروەها یەك مووشەكی سیستمی (عەسای جادوویی)ش ملیۆنێك دۆلارە".

پێشتریش رۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلی لە زاری دانیاڵ هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاویكردبووەوە؛ شەوی رابردوو ئێران نزیكەی ٣٥٠ درۆن و مووشەكی ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد و لەڕێی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە توانرا لە ٩٩٪ـی بەرپەرچبدرێتەوە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش كردووە؛ لە ٣٠ مووشەكی كرووز، ٢٥ـیان خرانە خوارەوە، ھەروەھا لە ١٢٠ مووشەكی بالیستیكیش، تەنیا چەند دانەیەك توانیویانە ئامانجەكانیان لە خاكی ئیسرائیل بپێكن.

شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێرشكردنە سەر كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە درۆن و مووشەكی بالیستیك و كرووز زنجیرەیەك ھێرشی كردە سەر ئیسرائیل.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە