کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی هونەرمەندانی شێوەكاری كوردستان دەكات

.

02:57 PM - 15/04/2024

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شێوەكاران پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی هونەرمەندانی شێوەكاری كوردستان كرد.

 

لە پەیامەكەدا هاتووە: "ئێمە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ئەرکی سەرشانمانە ژێرخانی گەشەکردن و پەرەپێدانی هونەری شێوەکاریی بڕەخسێنین و دەستگیرۆیی هونەرمەندان بکەین، بۆ ئەوەی کارامەتر کار بکەن و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن".

 

دەقی پەیامەكە

 

ئەمڕۆ، هونەرمەندانی شێوەکار، ڕۆژی جیهانیی شێوەکاران یاد دەکەنەوە. ئێمەش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای پیرۆزباییمان، سڵاو و ڕێز بۆ شێوەکارانی کوردستان دەنێرین و یادی هونەرمەندانی پێشەنگ لەم بوارەدا بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پڕ بەرهەمی ڕەنگینی ئەو هونەرمەندانە دادەنەوێنین، کە گیانیان بەخشیوە بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان و بە تابلۆ و پەیکەر و بەرهەمە نەوازەکانی تریان، ڕووبەڕووی دیکتاتۆریی بوونەوە و بناغەیەکی پتەویان بۆ هونەرێکی ڕەسەن، کە ژیاندۆستی و جوانیی ئامانجییەتی، داکوتاوە و تاکو ئێستاش قوتابخانەن بۆ نەوەکان.

 

ئێمە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ئەرکی سەرشانمانە ژێرخانی گەشەکردن و پەرەپێدانی هونەری شێوەکاریی بڕەخسێنین و دەستگیرۆیی هونەرمەندان بکەین بۆئەوەی کارامەتر کار بکەن و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن. 

 

جێی داخمانە، کە بەهۆی قەیرانە کەڵەکەبووەکانەوە، نەمانتوانیوە وەکوو پێویست ئەو ئەرکەی خۆمان جێبەجێ بکەین. هاوکات چاومان لەوەیە، کە خاوەن سەرمایەکان لە هەرێمی کوردستان بیر لەوە بکەنەوە، بواری هونەر، لە هەموو ژانرەکانیدا، ڕووبەرێکی گرنگە بۆ سەرمایەگوزارییەکی نیشتمانی و کۆڵەگەیەکی پڕ بایەخە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا و پێویستە جێی بایەخیان بێت.

 

دووبارە پیرۆزباییمان بۆ هونەرمەندانی شێوەکار لە ڕۆژی جیهانیی شێوەکاریدا.

 

حەمەی حەمەسەعید

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان

15ـی نیسانی 2024

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە