کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەکتەبی سیاسی ی . ن . ک پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئێزیدییەکان کرد

.

08:01 PM - 16/04/2024

دەقی پەیامەکە.....

پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی(ی.ن.ک) بۆ  سەری ساڵی ئێزدیی

 بە بۆنەی سەری ساڵی ئێزدیی پیرۆزبایی گەرم لە خوشك و برا ئێزدییەكان لە كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین و هیوادارین جەژنەکەیان بەشادی و ئارامی ببەنە سەر.

ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستانن و لە کاروانی بزوتنەوەی كوردایەتی و بەتایبەتی لەشۆرشی نوێدا چەندین سەركردەو فەرماندەی لێهاتویان بەشداریی کارایان هەبووەو لە نێوخەباتی پێشمەرگایەتیدا گیانیان بەخشیوە، لەمێژووی دێرین و هاوچەرخیشدا چەندین جار لە لایەن دوژمنانەوە ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە،بەتایبەتی لەهێرش وپەلامارەکانی چەند ساڵی ڕابووردوی تیرۆریستانی داعش ، بەڵام ئێزدییەکان پێداگرییان لەمانەوەی شوناسی خۆیان کردووە.

 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەئەرك و پابەندبوونی پتەوی خۆی دەزانێت وەک هەمیشە پارێزەری شوناسی تایبەتمەندییەکانی ئێزدییەكان بێت و داواش دەکات هەنگاوەكانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانیان بە هەماهەنگی زیاتری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی  كاراتربکرێت لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و چەرمەسەریەکانیان پەیوەست نەکرێن بەبابەتی  ترەوە.

لەپێناو داهاتوویەکی گەشتر و پتەوکردنی گیانی پێکەوە ژیان لە نێوان گشت پێکهاتەکانی کوردستان وعێراقدا، تەئکید لە دابینکردنی ژیانێکی شایستەو سەربەرزانە بۆئێزدییەکان و گشت پێکهاتەکانی تری کوردستان وعێراق دەکەینەوە.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە