كشتوكاڵی هەرێم داوادەكات حكومەتی فیدڕاڵ بڕێكی زیاتر لە گەنمی جووتیاران وەربگرێت

کوردستان 03:06 PM - 2026/04/19

 وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی ناڕەزایی لەبارەی پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2026، ئاڕاستەی  سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لە نووسراوەكەیدا كە  ئاڕاستەی نزار ئامێدی سەرۆك كۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە، ناڕەزایەتیی وەزارەتەكەی بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕیوە كە لە لیژنەی باڵای كشتوكاڵی عیراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان داویەتی.

بەپێی نووسراوەكە، حكومەتی فیدڕاڵ پلانی هەیە 3 ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور وەربگرێت، بەڵام بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان تەنها بڕی 292 هەزار تۆنی دیاریكردووە.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بۆچوونی نوێنەرانی هەرێم لەمبارەیەوە رەچاو نەكراوە و نوێنەران ئەم بڕیارە رەتدەكەنەوە.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەجیاوازییەكی زەق كراوە، چونكە بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی فیدڕاڵ، لە هەرێمی كوردستان بۆ هەر دۆنمێك زەوی تەنها 88 كیلۆگرام و نیو گەنم وەردەگیرێت، لە كاتێكدا بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق ئەو بڕە 900 كیلۆگرامە. وەزارەتی كشتوكاڵ لەنووسراوەكەیدا بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشبینی كردووە بۆ ئەمساڵ، بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بگاتە زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار تۆن.

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان داوای لە نزار ئامێدی سەرۆك كۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە، دەستوەردان بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە و بڕیار بدەن بە وەرگرتنی لانیكەم 50%ـی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو